image


پەیامی کورد... حەلیمە تەقیپوور ناسراو به دایکی کوردانی خۆراسان کۆچی دوایی کرد


حەلیمە تەقیپوور، ژنە مێژوونوسی کورد، ناسراو بە دایکی کوردانی خۆراسان، بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 27/9/2023، حەلیمە تەقیپوور، ژنە مێژوونوس و لێکۆڵەری کورد، خەڵکی خۆراسان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، سێ ڕۆژ دوای ئەوەی بە دەستی خۆی مۆزەخانەیەکی کردەوە، ئەمڕۆ بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

حەلیمە کە هاوسەری کەلیموڵا تەوەحودی، نووسەری بەناوبانگی کوردە، سێ ساڵ لەمەوبەر بە دەستی خۆی بەردی بناغەی ''مۆزەخانەی کانیماڵ''ی دانا بۆ ئەوەی بەڵگەنامەکانی کوردانی خۆراسان و کۆچە مێژووییەکان بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران لەو مۆزەخانەیەدا بپارێزرێن.

ئەو ژنە لێکۆڵەرە، لە ساڵانی 1960-وە دەستی کرد بە توێژینەوە و چالاکییەکانی خۆی لەسەر کۆچی هەزاران ساڵەی کوردانی خۆراسان و فەرهەنگ و کەلەپووری کوردان لەو بوارەدا بەرەنگاری دەیان کۆسپ بووەتەوە.

مۆزەخانەی کانیماڵ لە گوندی ئۆغاز سەر بە شاری شیروان لە پارێزگای خۆراسانی باکوور لە ماڵی تایبەتی حەلیمە تەقیپوور و کەلموڵا تەوەحودی دروست کراوە کە سێ ڕۆژ پێش ئیستا لە کاتێکدا کە ناساغ بوو لەلایەن حەلیمە تەقیپوورەوە کرایەوە.