image

پەیامی کورد     ...   حکوومەتی هەرێم سەبارەت بە بەهەدەردانی ئاو و نرخی ئاو میکانیزمێکی نوێ پەیڕەو دەکات و پەیامێک ڕادەگەێنێت

حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەێنێت کە بۆ رێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی ئاو، میکانیزمێکی نوێ پەیڕەو دەکات، ئەمەش لەپێناو هەلی گەیشتنی ئاوی خاوێن بە هەموو هاووڵاتییان، بۆ ئەو مەبەستەش هاووڵاتییانی هانداوە پێوەری ئاو ببەستن بۆ ئەوەی هەموو هاوبەشانی ئاو، بە دادپەروەری ئاویان پێ بگات.

ئاماژەى بەوەشکردوە، هەر هاووڵاتییەک ڕۆژانە زیاتر لە ٣٥٠ لیتر ئاو خەرج دەكات و نرخی هەر مەتر سێجایەکیش لەسەر حکوومەت ٤٠٠ دینارە و ساڵی ڕابردوو، خەرجی گەیاندنی ئاوی خاوێن لە تەواوی هەرێمی کوردستان، گەیشتبوویە ١١٧ ملیار دینار، لە کاتێکدا تەنها ٤٢ ملیار دینار وەک داهات کۆکرابوویەوە.

هەروەها روونیکردوەتەوە، لە هەرێمی کوردستان ٩٣٠ هەزار هاوبەشی ئاو هەن، سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەڵام تاوەکوو ئێستا ٦٧%‌‌ی هاوبەشانی ئاو، پێوەری زیرەکیان بەستووە، کە دەکاتە زیاتر لە ملیۆنێک هاوبەش.

ڕێژەی خەرجکردن و پارەی ئاوی ماڵان، به‌ گوێره‌ی خشته‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار بەم شێوەیەیە:
هەر ماڵێک لە مانگێكدا ئەگەر تەنها ٥ مەتر سێجا ئاو خەرج بكات، ٢٥٠ دیناری لێ وەردەگیرێت، واتە بۆ هەر 1 مەتر سێجایەک ٥٠ دینار دەدات.
لەدوای ٥ مەتر سێجا تا ١٥ مەتر سێجا، بۆ هەر ١ مەتر سێجایەک ١٥٠ دینارە، واتە ئەگەر ماڵێک ١٥ مەتر سێجا ئاو خەرج بكات، ١٧٥٠ دیناری لێ وەردەگیرێت.
لەدوای ١٥ مەتر سێجا تا ٣٠ مەتر سێجا، بۆ هەر ١ مەتر سێجایەک ٣٠٠ دینارە، واتە ئەگەر ماڵێک ٣٠ مەتر سێجا ئاو خەرج بكات، ٦٢٥٠ دیناری لێ وەردەگیرێت.
لەدوای ٣٠ مەتر سێجا تا ٦٠ مەتر سێجا، بۆ هەر ١ مەتر سێجایەک ٤٥٠ دینارە، واتە ئەگەر ماڵێک ٦٠ مەتر سێجا ئاو خەرج بكات، ١٩٧٥٠ دیناری لێ وەردەگیرێت.
لەدوای ٦٠ مەتر سێجا، بۆ هەر ١ مەتر سێجایەک ٦٠٠ دینارە، واتە ئەگەر ماڵێک ١٥٠ مەتر سێجا ئاو خەرج بكات، پێویستە ١٠٦ هەزار دیناری لێ وەربگرێت، بەڵام حکومەت بۆ ئەوەی بارگرانی نەكەوێتە سەر هاووڵاتییان، ئەگەر لەسەروو ڕێژەكەشەوە ئاو خەرج بكات، لە ٤٥ هەزار دینار زیاتری لێ وەرناگرێت.