image

بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگيیەکانی سوپای تورکیا، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی دەڤەری ڕاپەڕین بۆ کۆکردنەوەی گژوگیا بەهاریەکان سەردانی شاخەکانی بنارەکە نەکەن، چونکە ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.

ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (٢٦)ی نیسان، محەمەد حەسەن، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل راگەیاند، ماوەیەکە سوپای تورکیا بەچڕی بۆردومانی گوند و شاخەکانی بناری قەندیل دەکات و دوێنێش بەچڕی شاخی چەند گوندێکی بۆردومان کردووە، ئەوەش لەکاتێکدایە لەئێستادا رۆژانە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی دەڤەرەی راپەڕین بۆ کۆکردنەوەی گژوگیا بەهارییەکان سەردانی شاخەکانی ئەو ناوچەیە دەکەن.

محەمەد حەسەن، دەشڵێت، کە "هەرچەندە بۆردمانەکەی ئەمڕۆ زیانی گیانی نەبووە، بەڵام هۆشداری دەدەینە هاووڵاتیان کە چیتر بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بناری قەندیل نەکەن، چونکە لەهەر کاتێکدا ئەگەری هێرشی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بوونی هەیە".

جەختیشیکردووەتەوە، کە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لەکاتی بۆردومانکردنی ناوچەکە رەچاوی بوونی هاووڵاتیانی سڤیل ناکەن.