image

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەدیدارێکدا لەگەڵ فەرماندەی لیوا و فەرماندەی فەوجەکانی لیوای دووی سکرتاریەت، جەختی لەپێویستی باشترکردنی دۆخی ژیانی پێشمەرگە و دابینکردنی پێداویستییەکانی هێزی پێشمەرگە کردەوە، بەستنی کۆنگرەی یەکێتیشی بەهەنگاوێکی گرنگ بۆ نوێبوونەوە و پاراستنی یەکێتی ریزەکانی یەکێتی ناوبرد.

ئەمڕۆ لەشاری سلێمانی  13ی 3ی 2018، ، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێشوازیكرد لە فەرماندەی لیوا و فەرماندەی فەوجەکانی لیوای دووی سکرتاریەت، لەدیدارێكدا بارودۆخی‌ کوردستان لەگشت گۆشەنیگاکانەوە و دۆخی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە  بەتایبەت تاوتوێکرا.

لەو دیدارەدا، فەرماندەی لیوا و فەرماندەی فەوجەکانی لیوا پوختەیەک لە کار و چالاکیەکانیان و بەرەوپێشچوونەکانیان خستەڕوو و ئاماژەشیاندا بەکێشەکانی ئێستایی هێزی پێشمەرگە و پێداویستییەکانیان و دۆخی ژیانی پێشمەرگە، هاوکات پێشنیاز و تێبینیەكانیشیان بۆ باشتر ئەنجامدانی كار و چالاكییەكانیان و خزمەتكردنی پێشمەرگە باس کرد.

لەووتەیەکیدا، لیوا تەها کانی بەردی فەرماندەی لیواکە وتی: فەرماندە و پێشمەرگەکان ھەمیشە لە ئاستی بەرپرسیارێتیدان و بەپێی رێنمایی و راسپاردەکانی(سەرۆک مام جەلال) ھەڵسوکەوت دەکەن و بەردەوامیشن لەجێبەجێکردنی ئەو روانین و بۆچونانە.

فەرماندەی لیوای دووی سکرتاریەت، وتیشی:هەموان بەڵێنیانداوە درێژە بەرێبازی سەرۆک مام جەلال بدەن و وەفادار بن، هەروەها لە سایەی پەیڕەوكردنی ئەو رێنمایی و پرەنسیپانەی سەرۆك  مام جەلال دایڕشتوە لە گەشەكردنی بەردەوامدان.

لای خۆشیەوە، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد خۆشحاڵیی  خۆی  نیشاندا بۆ  ئەو بەروپێشچون و  پەرەپێدانەی هێزەکانی پێشمەرگە  كەفەرماندەکان ئاماژەیان بۆكرد، سوپاسگوزاریی خۆشی دەربڕی بۆهەستی دڵسۆزانە و وەفاداریی هەڤاڵان و فەرماندەکان بۆ درێژەدان بەرێبازی سەرۆک مام جەلال.

هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د هەر لەمیانەی دیدارەکدا وێڕای پشتیوانی ده‌ربڕین بۆ جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌، رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەشی لەبەرقەرارکردنی ئاسایش و پاراستنی نیشتمان و روبەڕوبوونەوەی تیرۆر بەرزنرخاند.

لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشەوە،دووپاتیکردەوەکە ئەنجامدانی چاکسازی و نوێبوونەوە لەناو ریزەکانی یەکێتیدا لەرێگای بەستنی کۆنگرەوە دەبێت.