image


پەیامی کورد... ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ ڕووداوێکی بە بارمتەگرتن کوژران و برینداربوونی ١٠ کەسی لێکەوتەوە

لە ڕووداوێکی بە بارمتەگرتنی ژمارەیەک کەس لە فەرمانگەیەکی مەدەنی لە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کوژران و برینداربوونی ١٠ کەسی لێکەوتەوە.

ئەمڕۆ کەسێک چووەتە ناو فەرمانگەی موڵکەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی (بونیادی هەژاران) لە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئاکامدا پێنج کەسی بە بارمتە گرت، هەر لەو ڕووداوەدا بەهۆی دەستڕێژی گوللەوە چوار کەسی کوشتووە و لانی کەمیش پێنج کەسی بریندار کردووە.

فەرزاد یاسەمی، جێگری بەڕێوەبەری ئاسایشی ئیلام بە میدیاکانی ناوخۆی ئێرانی ڕاگەیاندووە: " لە بەڕێوەبەرایەتیی (بونیادی هەژاران) لە شاری ئیلام، کەسێک کە پێشتر لە هەمان فەرمانگە کاری کردووە و لە کار دوور خراوەتەوە، چووەتە ناو فەرمانگەکە و کارمەندانی بە بارمتە گرتووە. ئەنجامدەری هێرشەکە بە چەک تەقەی کردووە و چوار کەسی کوشتووە و پێنج کەسی دیکەشی بریندار کردووە. کەسەکەش دواتر خۆی کوشتووە''.

وتیشی: " برینی ژمارەیەک لە بریندارەکان سەختە."