image

پەیامی کورد     ...   ٩ هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی كەمدرامەت درووستکراون کە لە تەواوبووندان

ووتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند : لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان ٩ هەار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەسانی كەمدەرامەت لە تەواوبووندان و، لەپلانی حكوومەتیشدایە بەردەوام یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی هەژار و كەمدرامەت  دورست بكات.

مەریوان مەلا حەسەن، ووتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە بەرنامەی كاری حكوومەتدا بوو كە یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی هەژار و كەمدرامەت درووست بكرێت و ٩ هەزار یەكەی نیشتەجێبوونیش لە هەرێمی كوردستان درووست كراون و بەشێكیان تەواو بوونە و تەنها هەندێك خزمەتگوزارییان ماوە، وەكو قیرتاوكردن و رێگاوبان و ئاو و ئاوەڕۆ و بەشێكیشی هەندێك قۆناغی ماوە تەواو بكرێت.

مەلا حەسەن گوتیشی، لە ئێستادا حكوومەت پارەی وەبەرهێنانی راگرتووە بە هۆی قەیرانی ئابووری و هەر كاتێك دەستی پێكردەوە، ئەو یەكانەی نیشتەجێبوون تەواو دەكرێن، چوونكە لە بەشێكی زۆری شارەكان تەواو بوون وەكوو قەڵادزێ و ڕانیە، بەڵام ئەوانەی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و سۆران و زاخۆ و كەلار زۆربەیان كاری تێدا ماوە و پێویستی بە تەواوكردن هەیە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت دەست بە كار بكەنەوە بۆ ئەوەی تەواو بكرێن.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، مەبەست لە دروستكردنی ئەو یەكانەی نیشتەجێبوون ئەوەیە، كە حكوومەت بە قیستی درێژخایەن دەیدات بە هەژار و كەمدرامەتەكان، كە توانای كڕینی یەكەی نیشتەجێبوونیان نییە، بۆیە لەم قۆناغەدا 9 هەزار یەكە دروست كراون و، قۆناغی دیكەی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوونیش لە بەردەستدا هەیە و بەردەوام دەبێت.