image


پەیامی کورد... ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: هیچ پەیوەندییەک لە نێوان نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون و مەیمووندا نییە

بە وتەی مارگریت هاریس، وتەبێژی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) هیچ پەیوەندییەک لە نێوان نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون و مەیمووندا نییە، ئەمەش دوای ئەوەی کە هەواڵێک لەبارەی هێرشکردنە سەر ژمارەیەک مەیموون لە بەڕازیل بڵاو کرایەوە.

مارگرێت هاریس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە جنێڤ گوتی: "ئەوەی پێویستە خەڵکی بیزانێت، ئەوەیە کە نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون لەنێوان مرۆڤدا دەگوازرێتەوە".

ڕاشیگەیاند کە نابێت هۆکاری بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون، بخرێتە ئەستۆی مەیموون، ئەوەیش دوای ئەوەی بەپێی ڕۆژنامەی "The Guardian"ی بەریتانی، هەواڵێک لەبارەی ژەهراویکردن و هێرشکردنە سەر مەیموون لە بەڕازیل بڵاوکراوەتەوە

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە ماڵپەڕی هەواڵیی "G1"ی بەرازیلی بڵاوکراوەتەوە لە ناوچەیەکی پارێزراوی سروشتییدا لە شاری ڕیۆ پریتۆ سەر بە هەرێمی ساوپاوڵۆ باشووری ڕۆژهەڵاتی بەڕازیل، ١٠ مەیموون ژەهرخوارد کراون و دواتر ئازاردراون.

هەر بەپێی ڕۆژنامەکە، تیمەکانی ڕزگارکردن و چالاکوانان گومانی ئەوەیان کردووە کە مەیموونەکان ژەهرخوارد کراون و دواتر هێرشیان کراوەتە سەر، دوای ئەوەی سێ حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون لە ناوچەکەدا پشتڕاستکراونەتەوە.

گوتەبێژی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، مارگرێت هاریس جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە سەرباری گومانەکان لەسەر ئەوەی کە مەیموونەکان ژەهرخوارد کراون، بەڵام مەیموون هیچ پەیوەندی بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەوە نییە.

ئاماژەی بەوەش دا کە نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٥٨دا سەری هەڵداوە.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ئەنجامی ئەو ٢٨ هەزار و ١٠٠ حاڵەتەی تا ئێستا تۆمار کراوە لەگەڵ ١٢ حاڵەتی گیانلەدەستدان، باری نائاسایی تەندروستی ڕاگەیاندووە.