image


پەیامی کورد … ڤاكسینێكی دیكەی دژ بە كۆرۆنا ڕاگەیەنرا

 

 

كۆمپانیای نۆڤاڤاكسی ئەمریكی ڕایدەگەیەنێت، كاریگەری ڤاكسینەكەی دژ بە كۆرۆنا زیاترە لە 90% لەنێویشیاندا دژ بە جۆرە گۆڕاوەكان، ئەمەش پاش ئەو توێژینەوەیەی لەسەر ئاستێكی فراوان لە ویلایەتە یەكگرتووەكاندا ئەنجامدراوە.

 

كۆمپانیاكە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، ڤاكسینی نۆڤاڤاكس پارێزگاری بەڕێژەی 100% دژ بە نەخۆشییە مامناوەند و قورسەكان و 90.4% بەشێوەیەكی گشتی نیشانداوە.

 

ئاماژەی بەوەشكرد، توێژینەوەكە 29 هەزار و 960 كەسی گرتووەتەوە لە 119 شوێنی جیاوازی ئەمریكا و مەكسیك بۆ هەڵسەنگاندنی كاریگەریی ڤاكسینەكە و سەلامەتی و ئەو دژە بەرگرییەی دروستی دەكات.

 

كۆمپانیاكە دەشڵێت، سوورە لەسەر پێشكەشكردنی داوای وەرگرتنی ڕەزامەندی لە دەستە ڕێكخەرەكان بە گەیشتنی چارەكی سێیەمی ساڵی 2021.

 

دوای ئەو هەنگاوەش مانگانە 100 ملیۆن ژەم لە كۆتایی چارەكی سێیەم و 150 ملیۆن ژەمی مانگانە لە كۆتایی ساڵدا فەراهەمدەكات، وەك ئەوەی ئاماژەی پێداوە.

 

ستانلی سی ئیرك سەرۆكی كۆمپانیای نۆڤاڤاكس و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكە وتی، ئەمڕۆ، نۆڤاڤاكس نزیكدەبێتەوە لە بەشداریكردن لە وەڵامدانەوەی پێداویستییە جیهانییەكان بە ڤاكسینی زیاتری دژ بە كۆڤید-19.

 

بە پێچەوانەی ڤاكسینەكانی دیكە، هەڵگرتنی ئەم جۆرە ڤاكسینە كە بە فەرمی بە (ئێن بی ئێكس-كۆف 2373) ناسراوە پێویستی بە پلەی گەرمی زۆر نزم نییە.

 

كۆمپانیاكە ئاشكرایكرد، ڤاكسینەكەی “لە پلەی گەرمی 2 تا 8 پلەی سەدی هەڵدەگیرێت” ئەمەش لانیكەم لەڕووی تیۆرییەوە واتە گواستنەوەی ڤاكسینەكە لەو وڵاتانەی خاوەن ژێرخانێكی تەندروستی كەمتر پێشكەوتوون، ئاسان دەبێت.