image


پەیامی کورد … لە هەفتەی داهاتووەوە دەوامی فەرمانگەکان ئاسایی دەكرێتەوە

 

ئەنجومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی تاوتوێكرد و بڕیاریشیدا لە هەفتەی داهاتووەوە دەوامی فەرمانگەکان ئاسایی بکرێتەوە.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ حوزەیرانی ٢٠٢١، کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن بەڕێوەچوو.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دوپاتکردنەوەی پابەندبوونی حکومەتی هەرێم بە یاسای بودجەی فیدراڵی، جەختکردنەوەی حکومەتی فیدراڵيشی لەسەر جێبەجێکردنی یاساکە و ناردنی بەشە بودجەی هەرێم، بەرزنرخاند.

 

سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لە شاندی دانوستکاری حکومەتی هەرێم کرد کە سەرکەوتووانە ئەرکەکانیان بەجێگەیاندووە و بە هەموو شێوەیەک داکۆکیان لە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم کردووە.

 

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامانی شاندی دانوستکاری هەرێم، دوا پێشهاتەکانی دانوستانیان لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی خستەڕوو تایبەت بە دانانی میکانیزمی جێبەجێکردنی ماددەی (11) لە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە.

 

ئاشكراشیكردووە، سەرۆک وەزیران تیشکی خستەسەر سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ هەردوو وڵاتی بەلجیکا و یۆنان و ئاماژەی بەوەدا کە بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتانە بە چاوێکی گرنگەوە لە پێگەی هەرێمی کوردستان دەڕوانن.

 

لە بڕگەیەکی دیکەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری ڕوونکردنەوەی پێویستی لەبارەی دوایین ئامادەکارییەکانی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو.

 

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی ڕێکخستنەوەی دەوامی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و بڕیاردرا، لە هەفتەی داهاتووەوە دەوامی فەرمانگەکانی حکومەت ئاسایی بکرێتەوە.