image


پەیامی کورد... لە هەشت مانگی ڕابردوودا ٤٣ زیندانی سیاسی لە زیندانەکانی تورکیا گیانیان لەدەست داوە

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکوانانی تورکیا ڕایدەگەیەنن، "لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا ٤٣ زیندانی سیاسی لە زیندانەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە."

میدیاکانی باکووری کوردستان لە زاری چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی تورکیاوە دەڵێن، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەر یەک لە مەهمەت جاندەمیری تەمەن ٦٠ ساڵ هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیەکان "دەبەپە" لە شاری باتمان و ئیبراهیم یڵدرمی تەمەن ٦٨ ساڵ بە هۆی نەخۆشی گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، سەرەڕای گرفتی تەندروستی، هەزار و ٥١٧ نەخۆش بەهۆی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لەلایەن پزیشکی دادوەرییەوە دراون ئازاد ناکرێن و تەنیا بە مردن زیندانەکان جێ دەهێڵن.

هەر بە هۆی ئازادنەکردنی زیندانیانی سیاسی، لە ماوەی هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٤٣ زیندانی بەهۆی نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە.