image


پەیامی کورد... لە ڕژهەڵاتی کوردستان کچێک بە پاساوی پاراستنی شەرەف کوژرا


کچێکی لاو بە ناوی ڕۆژین عەزەمی، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شاری دیواندەرە بە پاساوی پاراستنی شەرەف و نامووس لەلایەن براکەیەوە بە شێوەیەکی هۆڤانە و دڕندانە کوژراوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە ١٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٣ی ژوئەنی ٢٠٢٣)، کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی ڕۆژین عەزەمی، لە ماڵی خۆیاندا کە لە گوندی "ئاخکەند"ی شاری دیواندەرە هەڵکەوتووە، بە شێوەیەکی هۆڤانە کوژراوە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، ئەو کچە لاوە بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن براکەیەوە بە لێدانی چەکوش و تەور کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکانی هەنگاو؛ پاساوی کوشتنی ئەم کچە لاوە کە لەلایەن براکەیەوە بە شێوەیەکی هۆڤانە کوژراوە، "پەیوەندیی ناوبراو لەگەڵ کوڕێکدا بووە".

دایک و باوکی ڕۆژین ئەعزەمی لەگەڵ براکەی بە ناوی ئاراش، دوای کوشتنی کچەکەیان دەستبەسەر کراون و هەنووکەش دایکی ئەم کچە قوربانییە لاوە ئازاد کراوە، بەڵام باوک و براکەی تاکوو ئێستاش هەر لە دەستبەسەرگەدان.

هەر لەو پەیوەندییە و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژنێکی لاو لە شاری ئیلام و لەلایەن باوکە تەمەن ٦٨ ساڵەکەیەوە بە چەندین لێدانی خشتی کوورەیی کوژرا و پاشان دوای ئەوەی کە بکوژەکە دەستبەسەر کراوە، پاساوی ئەو کوشتنەی بۆ "کێشەی خێزانی" گەڕاندووەتەوە.