image


پەیامی کورد... لەخۆپیشاندانەکانی کرماشان منداڵێکی ١٥ ساڵە کوژراوە

لە خۆپیشاندانەکانی کرماشان، ئێوارەی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢)، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵە بە ناوی ئەمیر حوسێن بەساتی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی کوژرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تەرمی ئەمیر حوسێن بەساتی ڕۆژی پێنج شەممە، ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەر دوای ٩ ڕۆژ لە کەشێکی ئەمنیدا دراوەتەوە بە بنەماڵەکەی و لە هەمان ڕۆژ لە گۆڕستانی گوندی دارخوری حوسێناوا بە خاک سپێرراوە.

یەکێک لە نزیکەکانی بنەماڵەی بەساتی لەمبارەوە ڕاگەیاند: "بنەماڵەی بەساتی بۆ ماوەی ٨ ڕۆژ هیچ زانیاری و هەواڵێکیان لەبارەی چارەنووسی کوڕەکەیانەوە نەبووە هەتا لەکۆتایدا لە ڕێگەی یەکێک لە ناسیاوەکانیانەوە ئاگادار کراونەتەوە کە تەرمی کوڕەکەیان لە ساردخانەی نەخۆشخانەی تاڵقانی ڕاگیراوە".

شەوی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانان، لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کرماشان و لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان، ئەمیر حوسێن بەساتی لە شەقامی مودەڕڕسی ئەم شارە گولە بەر سینگی کەوتووە.

 

شیاوی ئاماژە پێدانە، کە هەر لە خۆپیشاندانەکانی ئەو شەوەدا، دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی مینوو مەجیدی و ڕەزا شهپەرنیا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرابوون.