
پەیامی کورد … لە خۆشەویستی زارا کچێکی لەدایکبوو و ناوی زارایان بۆ دانا
پشتیوانیی کوردستانییان بۆ زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی و چالاکوانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و لە نوێترین کاردانەوەشدا منداڵێکی تازە لەدایکبووی بەناو نرا.
لە ماوەی رابردوودا لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بڕیاری زیندانیکردنی زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کوردی و چالاکوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان درا و دوێنێ شەممە گەیەندرایە زیندانێکی شاری سنە بۆ بەسەربردنی ماوەی زیندانیكردنەكەی.
هاوکات لەگەڵ زیندانیکردنی زارا محەمەدی، دوو هاوسەری خەڵکی گوندی نەوەڕەی شاری سنە منداڵێکی لەدایک بوو و لە خۆشەویستیی زارا محەمەدیی و وەک پشتیوانییەک بۆ ئەو چالاکوانە کوردە ناویان لێنرا زارا.
ئەرسەلان یارئەحمەدی ڕۆژنامەنووس و جالاکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێنەی ئەو زارایە کە لە سنە لەدایکبووە لە سەر ئەکاونتی تویتەری خۆی بڵاو کردووەتەوە.