image


پەیامی کورد... لەم هەفتەیەدا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆ دەبێتەوە

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەرزی یاسادانانی خۆی بۆ ماوەی مانگێک درێژ کردەوە و لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوە ئەنجام دەدرێت.

دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە و لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوە کراوە، کۆبوونەوەی محەممەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەر دوو جێگرەکەی تایبەت بووە بەکاری دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە داهاتوودا.

ڕاشگەیەنراوە، لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار دراوە بە درێژکردنەوەی وەرزی یەکەمی یاسادانان لە خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ یەک مانگ بە پشتبەستن بە حوکمەکانی مادەی ٥٨ ی دەستووری عێراق.

هەروەها دەستەی سەرۆکایەتی بڕیاریان داوە بە ئەنجامدانی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران لەم هەفتەیەدا لە ڕۆژانی ١١ و ١٢-٥ کە لە کارنامەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاسای بە تاوان ناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دابنرێت و هەروەها دەنگیش بدرێت لەسەر پرۆژەی پشتیوانی بەپەلە بۆ ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان و ئەندامانی لیژنەکانیش پێک بهێنرێن.