image


پەیامی کورد... چالاکێکی ژینگەپارێزی کورد لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا

نەوید کۆنەپۆشی چالاکی ژینگەپارێز و یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی سەوزی چیا لە مەریوان، هەفتەی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە شاری سنە گوازراوەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نەوید کۆنەپۆشی تەمەن ٣١ ساڵ و یەکێک لە چالاکانی ژینگەپارێزەی ناسراوی مەریوان، ڕۆژی سێشەممە ١١ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە.

هەنگاو زانیویەتی کە نەوید کۆنەپۆشی پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی بە ماڵەوە کردووە و ڕایگەیاندووە کە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە گوازراوەتەوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ئەم ژینگەپارێزە لە بەر دەستدا نییە.,

جێگای ئاماژەیە کە نەوید کۆنەپۆشی ڕپاییزی ڕابردووش دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەر و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

نەوید کۆنەپۆشی تەمەن ٣١ ساڵ ماوەی ١١ ساڵە کە بەشێوەی چالاک لە ئەنجوومەنی ژینگەپارێزیی سەوزی چیای مەریوان چالاکی دەکات.