image

سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەینێت، درووستکردنی هەر هێزێکی چەکداری لەلایەن هەر کیانێکی سیاساییەوە ڕێگەپێدراو نییە و هیچ ڕێکارێکی یاسایی نییە.

لە دوای درووستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی شەوی ١٣-٥-٢٠١٨ی گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی و تەقەکردن لە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان، لە ئێستادا درووستکردنی هێزێکی چەکداری بووەتە پرسێکی جددی لە ناو لایەنگران و هەڵسوڕاوانی ئەو بزووتنەوەیە، بەپاساوی بەرگریکردن لەبزووتنەوەکەیان.

لە لێدوانێکی تایبەت دا، شیلان جەعفەر، پەرلەمانتاری پارتی و سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە، لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بەدرووستکردنی هێزی چەکدار ڕایگەیاند “درووستکردنی هێزێکی چەکداری تەنها لە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە و دەتوانێت، لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان درووستی بکات”.

سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات، هیچ یاسایەک نییە لە هەرێم، کە ڕێگە بدات بە درووستکردنی هێزێکی چەکداری لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوە پێچەوانەی ڕێسا و یاساکانی هەرێمی کوردستانە و هیچ ڕێکارێکی یاسایی نییە.