image

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەئەنجومەنی نوێنەران داوای ھاوپەیمانێتی کورد لەبەغدا دەکات و مەترسی پێچەوانەکەشی دەخاتەڕوو، ڕاشیدەگەیەنێت، "لەدوای ھەڵبژاردن گۆڕانگاری گەورە ڕودەدات، بۆیە چاوەڕواندەکرێت کەسێک بکرێت بەسەرۆک وەزیران کە لەخەیاڵی کەسدا نەبێت".

د.عەرەفات کەرەم سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەئەنجومەنی نوێنەران ڕاگەیاند، "گرنگ نییە لەدوای ھەڵبژاردنی 12ی 5ی 2018 ، ژمارەی کورسییەکانی کورد لەئەنجومەنی نوێنەران کەم یان زیاد دەکات، بەڵکو گرنگ ئەوەیە دواتر فراکسیۆنە کوردستانیەکان ھاوپەیمانێتی ببەستن، چونکە بەبێ ھاوپەیمانێتی کورد پێگەو کاریگەری لەبەغدا نابێت".

وتیشی: "وەکو لایەنە کوردستانیەکان ڕێکنەکەوتین بۆ دروستکردنی ھاوپەیمانێتی لەپێش ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی عیراق، بۆیە باشتروایە دوای ھەڵبژاردانەکان ھاوپەیمانێتیی پێکبھێنرێت بەمەبەستی بەرگریکردن لەمافە دەستورییەکانی کورد".

ئەوەشی ڕاگەیاند کە لەکاتی پێکھێنانی حکومەتی عیراق لەدوای ھەڵبژاردنەکە، لایەنە عەرەبیەکان پێویستیان بەکورد دەبێت، بۆیە دوای ھەڵبژاردن گۆڕانکاری گەورە ڕودەدات.

سەبارەت بەچانسی لیستی شیعەی براوەی ھەڵبژاردنەکەو سەرۆک وەزیرانی داھاتوی عیراقیش سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وتی:”پێشترو لەخولەکانی ڕابردوش، کاتێک سەرۆک وەزیرانی عیراق دیاریکراوە لەپێشبینی ھیچ کەس و لایەنێکدا نەبوە، بۆیە چاوەڕاواندەکرێت کەسێک بکرێت بەسەرۆک وەزیران کە لەخەیاڵی کەسدا نەبێت”.