image


پەیامی کورد... لە پارێزگای سلێمانی شەش چەکداری پەکەکە کوژران

ئەمڕۆ چوارشەممە 27/9/2023 دژەتیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، لە دوو هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا بۆ سەر بارەگایەک و ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکە شەش چەکداری پەکەکە کوژران و هاووڵاتییەکی سڤیل شەهید بوو و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.

لە ڕاگەیەندراوەکەی دژە تیرۆری کوردستاندا هاتووە: ''ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئەیلوولی 2023، کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا بارەگایەکی چەکدارانی پەکەکەی لە گوندی بوگریسکان لە ناحیەی سەنگەسەری سەر بە قەزای پشدەر لە پارێزگای سلێمانی کردە ئامانج و، بەهۆیەوە چوار چەکداری پەکەکە کوژران. هاوکات بەهۆی نزیکیی بارەگاکە لە شوێنی نیشتەجێبوون، هاووڵاتییەکی سڤیل شەهید بوو و هاووڵاتییەکی دیکەش بریندار بوو.''

ئاماژە بەوەش کراوە کە ''هەر ئەمڕۆ چوارشەممە کاتژمێر 11:10ی پێشنیوەڕۆ، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا لە نزیک گوندی بوگریسکان لە ناحیەی سەنگەسەر ئۆتۆمبێلێكی چەکدارانی پەکەکەی کردە ئامانج و، بەهۆیەوە دوو چەکداری پەکەکە کوژران.''