
پەیامی کورد … پۆلیسی هەولێر: هەڵمەتی داخستنی یانەكانی شەوانە بەردەوام دەبێت
پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، ساڵی رابردوو 79 توانانی كوشتن ئەنجام دراوە و 78 بكوژ دەستگیر كراون، هەروەها هەڵمەتی داخستنی یانەكانی شەوانە بەردەوام دەبێت.
هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، لە ساڵی 2021دا 79 تاوانی كوشتن روویانداوە و تاوەكو ئێستا توانراوە 78 بكوژ و ئەنجامدەری ئەو تاوانانە دەستگیر بكرێن واتا بە رێژەی 99%.
وتوشیەتی، پۆلیسی هەولێر بە هەماهەنگی تیمەكانی ئاسایش و زێرەڤانی هەڵمەتی داخستنی یانەكانی شەوانەیان دەستپێكردووە و بەردەوامە، بەڵام بەهۆی بوونی لێكۆڵینەوە لەو دۆسیانە هیچ زانیارییەك بڵاوناكرێتەوە.
لەبارەی ئەو فێڵكردنەی كە لە هەولێر روویدابوو و 8 هاوڵاتی ئۆتۆمبێلیان لێوەرگیرابوو بۆ كاروباری كۆمپانیا، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر روونیكردەوە، لە كۆی ئەو 8 ئۆتۆمبێلە 6یان دۆزراونەتەوە و تەنها دوانیان ماون، بەڵام بكەری تاوانەكە كە دوو كەسی خزمی یەكترن هەردووكیان دەستگیركراون، هەروەها هاوڵاتییەكیش لە قەزای عەینكاوە كوژرا و دوای چەند كاتژمێرێك بكوژەكە دەستگیر كراوە.