image


پەیامی کورد... لە سەرەتای ساڵی نوێوە، ١١٠ قوتابی و ٤٦ مامۆستا لە ئێران دەستگیرکراون

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ەوە، واتە کەمتر لە ٩ مانگ ، بەلایەنی کەمەوە١١٠ منداڵ و قوتابی و ٤٣ مامۆستای قوتابخانه لە سەرتاسەری ئێراندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون و ١٧ مامۆستا و ٥ قوتابیش سزای بەندکردن و لێدانی قامچی بەسەریاندا سەپێندراوە.

بە پێێ راپۆرتێک کە بەشی ئاماری ماڵپەڕی هەنگاو بڵاوی کردۆتەوە: لانی کەم ١١٠ قوتابی کە ناسنامەیان ئاشکرابووە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپاوە لە ئێراندا دەستبەسەرکراون.

لە کۆی ئەو ١١٠ منداڵ و مێرمنداڵە دەستبەسەرکراوەدا، ٤٧ کەسیان کورد و ٤٧ کەسیان بەلوچ بوون کە دەکاتە زیاتر لە ٨٥٪ی دەستبەسەرکراوەکان لە ئێراندا. ١٦ منداڵ و مێرمنداڵە دەستبەسەرکراوەکانی دیکە خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێرانن، کە بە دەستبەسەرکرانی ٦ منداڵ لە کەرەج، زۆرترین ڕێژەی دەستبەسەرکرانی تێدا تۆمارکراوە.

لەنێو دەستبەسەرکراواندا ١٦ کەسیان کچ و ٩٤ کەسی دیکەیان کوڕبوون کە هەموویان تەمەنیان خوار ١٨ ساڵە و وەک منداڵ هەژمار دەکرێن. هەروەها ١٢ کەس لەم منداڵانە ئەندامی ئەو خێزانانەن کە ئەندامێک یان زیاتریان لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا لەدەست داوە

بەپێی ئاماری ئەم ماڵپەڕە، ٤٧ مامۆستا لە شارەکانی ئێراندا دەستبەسەرکراون کە لەو ژمارەیە٢٦ کەسیان کورد بوون و لە شارەکانی کوردستاندا مامۆستابوون.لە کۆی ٤٧ مامۆستای دەستبەسەرکراو ٦ کەسیان ژن و ٤١ کەسیان پیاوبوون.