image


پەیامی کورد … کۆمەڵە لە سەر دیار نەمانی پێشمەرگەیەکی خۆی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

 

پێنج ڕۆژ دوای ئەوەی کە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکیشانی کوردستانی ئێران لە شاری سلێمانی بێ سەروشوێن بوو، ئەو حیزبە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە پێـشەرگەکەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە دەستبەسەر کراوە.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە؛

 

 

ڕۆژی ۱۳ی ئاپریلی ۲۰۲۱ی زاینیی بەرانبەر لەگەڵ ۲٤ی خاکەلێوەی ساڵی ۱٤۰۰ی هەتاوی، پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە بەناوی "سمکۆ بەنەفشی" لەسلێمانی لەلایەن هێزه ئەمنيەكانەوه به تۆمەتی ئەمنی دەستبەسەر کراوە.

هەر لەدوای ئاگادار بوون لەلایەن بەشی ئەمنییەتی کۆمەڵە، لێکۆڵینەوەکان دەربارەی ئەم کەیسە دەستی پێکرد.

کۆمەڵە، بۆ تێکنەچوونی ڕێرەوی لێکۆڵینەوەکان هیچ ڕاگەیاندراوێکی بڵاو نەکردەوە.

سەرئەنجام دوای لێکۆڵینەوەكان دەركەوت کە ناوبراو بەتۆمەتی جاسوسی لە لایەن یەکێک لەهێزە ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستان دەستبەسەر کراوە.

کۆمەڵە، وێرای سپاسی لایەنە ئەمنی و دادوەریەکانی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارکردنەوەی کەیسی ناوبراو، چاوەڕوانی دەرئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوەکان و بڕیاری دادگایە.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران زۆربەی ئەو لێدوان و هەواڵانەی کەلەچەند ڕۆژی پێشوودا، دەربارەی ئەم کەیسە بڵاو کراوەتەوە، ڕەتدەکاتەوە و بەدڵنیاییەوە ئەم لێدوانانە لەلایەن نەیارانی کۆمەڵە و بەمەبەستی چەواشەکاریی بڵاو کراوەنەتەوە.

سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندی

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

17/4/2021