image


پەیامی کورد … شەپۆلێكی بەفر و باران روو لە هەرێمی کوردستان دەكات

كەشناسی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، لە رۆژی چوارشەممەوە شەپۆلێكی بەفر و باران هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و پێشبینی دەكرێت، لە ناوچە شاخاویەكان پێشبینی بارینی 15 تاوەكو 20 سانتیمەتر بەفر دەكرێت.

فازڵ ئیبراهیم بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، پێشبینی دەكرێت لە رۆژی چوارشەممەوە هەرێمی كوردستان بكەوێت ژێر كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەك، بارستە هەوایەكی ساردی لەگەڵ دەبێت و لە سەرەتادا لە ناوچە شاخاوییەكان بارانبارین دەست پێدەكات، نیوەڕۆكەی لە پارێزگای دهۆك دەست پێ دەكات و ئێوارەكەشی پارێزگای هەولێر و سلێمانی دەگرێتەوە.

باسی لەوەش كردووە، لە هەندێك ناوچەی شاخاوی پێشبینی بەفربارین دەكرێت و لە 5 تا 15 سانتیم بەفر دەبارێت، كاریگەرییەكانی ئەو شەپۆلەی بارانبارین تاوەكو رۆژی پێنج شەممە بەردەوام دەبێت و رۆژی هەینی سەقامگیری بەخۆییەوە دەبینێت.

سەبارەت بە پلەكانی گەرما بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی وتویەتی، پلەی گەرما بەرادەیەكی بەرچاو دادەبەزێت بەتایبەتی شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی، پێشبینی دەكرێت لە ناوچە شاخاوییەكان پلەی گەرمی بۆ ژێر پلەی سفری سیلیزی دابەزێت.