image

 ئەمڕۆ 28/3/2018، ساڵیادی بڕیارە مێژوویی و نەتەوەییەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکە کە لە 28ی ئازاری 2017 ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە ئامادەبوونی 26 ئەندام، کۆبوونەوەیەکی ئاسایی بۆ تاوتوێکردنی پرسی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک ساز کرد

 

لە کۆبوونەوەکەدا، کە بە سەرۆکایەتیی رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە وەکالەت، ساز کرا، بە پشت بەستن بە دەستووری هەمیشەیی عێراق، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بڕیاری بەرزکردنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستانی لەسەر هەموو دامودەزگا فەرمییەکانی پارێزگاکە، دەرکرد.

دوای ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بەرەی تورکمانیی عێراقی لە دادگای فیدڕالیی عێراق سکاڵای لە دژی رێبوار تاڵەبانی تۆمار کرد و رۆژی 5/2/2018ش دادگای فیدڕالیی عێراق بڕیاری بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستانی لەسەر دامودەزگا فەرمییەکانی کەرکوک بە ”یاسایی“ دانا و سکاڵاکەی بەرەی تورکمانی رەت کردەوە.

هەرچەندە ساڵێک بەسەر ئەو بڕیارە مێژوویەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکدا تێ دەپەڕێت، بەڵام ئێستا کەرکوک بەهۆی گرووپی خیانەتکاری 16ـی ئۆکتۆمەر، داگیر کراوە و بەرپرسە شەرعی و یاساییەکانی لەسەر کار لادراون، جگە لە ئاوارەبوونی دەیان هەزار هاووڵاتیی ئەو شارە.

دوای ئەو داگیرکارییە، ئاڵای کوردستان لە شارەکە قەدەغە کراوە و چەکدارە داگیرکەرەکان بەردەوام و بە توندترین شێوە ئەشکەنجەی ئەو گەنج و هاووڵاتییانە دەدەن، کە ئاڵای کوردستانیان لە ماڵەکانیان هەڵگرتووە.