image



پەیامی کورد... ئەمڕۆ ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینی یە.. رەوشی رۆژهەڵات ئەمڕۆ نائاساییە


ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی)ی تەمەن 22 ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، ئێوارەی سێشەممە 13ی ئەیلولی 2022، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە لە تاران بە بیانووی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشییەوە ئەشکەنجەدرا، بەوهۆیەوە تەندروستیی تێکچوو چووە دۆخی بێهۆشی “کۆما”وە.

ژینا دوای سێ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە بەهۆی خراپیی تەندروستییەوە گیانیلەدەستدا.

تەرمی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ، لە گۆڕستانی ئایچیان لە شاری سەقز زێدی لەدایکبوونی خۆی بەخاکسپێراو گیانلەدەستدانی بووە مایەی سەرھەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی رۆژھەڵات و ئێران.

کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵیادی ژینا ئەمینی و سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکان رەوشێکی ئەمنی بەسەر شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستاندا سەپاندووە و ھەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی دەستپێکردوە کەلە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەوازی خۆپیشاندان و ناڕەزاییان کردووە، بە گوێرەی ئامارەکان لەماوەی دوو ھەفتەدا ٩١ ھاووڵاتی رۆژھەڵاتی کوردستان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.

ھاوکات بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە،دوێنێ لە شاری زاھیدان خۆپیشاندان کراوە، شەوی رابردووش لە شارەکانی بانەو پیرانشار، ھاووڵاتیان بە راگرتنی ئۆتۆمبێلەکانیان لێدانی ھۆڕن ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە.

ھەروەھا بڕیارە ئەمرۆ لەسەر داوای حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان، کاسبکاران و دوکانداران مانگرتنی گشتی رابگەیەنن.