image

پەیامی کورد      ...     مەسروور بارزانی سەرۆکى حکوومەتی هەرێمى کوردستان پێشوازی لە جێگرى نێردەى تایبەتى ئەمریکا بۆ سووریا دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/4/18 مەسروور بارزانی، سەرۆکى  حکوومەتی هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە دەیڤد براونستاین، جێگرى نێردەى تایبەتى ئەمریکا بۆ سوریا کرد.

لە دیدارەکەدا کە ڕۆب واڵەر کونسوولى گشتی ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان ئامادەى بوو، دوایین پێشهاتەکانى عێراق و سووریا و پەرەپێدانی هەماهەنگی لە گەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش تاووتوێ کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا ، جەخت لە گرینگی بەردەوامبوونی پشتگیریکردنی هێزی پێشمەرگە کرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی داعش کە هێشتا هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە لە چەندین ناوچەی عێراق و سووریا .
هەروەها هەردوولا پشتگیرییان بۆ گفتوگۆى لایەنە کوردییەکان لە سووریا دووپاتکردەوە بە ئاراستەی مسۆگەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی سووریادا.