
پەیامی کورد... مەسرور بارزانی: بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی هاووڵاتییان، پێوەری سەرەکیی سەرکەوتنی بەرپرسانە
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کۆبووەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 27ی ئەیلوول، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ شاری زاخۆ، لەگەڵ بەرپرسانی حکوومی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت دەستخۆشی لە سەرپەرشتیاری ئیدارە و بەرپرسانی دیکەی دەڤەرەکەی کرد بۆ هەوڵ و ماندووبوون و بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان بە سەرکەوتوویی کە لە ماوەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری گرنگیی لە ناو شاری زاخۆ و سنووری ئیداری ناوچەکە ئەنجام داوە و هەندێکیشان ئێستا لە جێبەجێکردندان.
گوتیشی: "خەڵکی زاخۆ قوربانییەکی زۆریان داوە وڕۆڵێکی گرنگییان لە خەباتی گەلی کوردستاندا گێڕاوە و شایەنی ئەوەن بە شێوەیەکی شایستە خزمەتیان بکرێت".
سەرۆکی حکوومەت، بەرپرسانی دەڤەرەکەی ڕاسپارد، کە هەموو هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ، لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و دووپاتی کردەوە کە بەدەستهێنانی ڕەزامەندی هاووڵاتییان، پێوەری سەرەکی سەرکەوتنی بەرپرسانە.