image




پەیامی کورد... مه‌سرور بارزانی: رێگەنادەین هیچ کەسێک رێگەی پێشکەوتنی کوردستانمان لێبگرێت


مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایده‌گه‌یه‌نێت کوردستان نەک تەنیا بۆ خەڵکی کوردستان جێی "خێر و بەرەکەتە"، بەڵکو بۆ عێراق و ناوچەکەش دەبێتە نموونەیەکی سەرکەوتوو، ده‌شڵێت "رێگەنادەین هیچ کەسێک رێگەی پێشکەوتنی کوردستانمان لێبگرێت".

مەسرور بارزانی لە لە رێورەسمی کردنەوەی هۆتێل حەیات ریجینسی و گوڵان مۆڵ له‌ هه‌ولێر، وتارێكی پێشكه‌ش كرد و باسیله‌وه‌كرد، ئەم پرۆژانە ماوەیەکی زۆرە دەستیان پێکراوە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن، بەڵام کاتێک هێرشی دڕندانەی داعش هاتە سەر کوردستان، زۆرێک لە پرۆژەکان وەستان یان دواکەوتن، وتیشی: بەڵام بیستم کە کارکردن لەسەر ئەم پرۆژانە بەردەوام بوو، وەک تەحەدایەک بەرانبەر بە هێزی رەشی تیرۆر، کە چۆن پێشمەرگە لە خەتی پێشەوە شەڕی داعش دەکات، بەهەمانشێوە وەبەرهێنەرەکانیش لەنێو کوردستان پرۆژەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن و وتی "رێگەنادەین هیچ کەسێک رێگەی پێشکەوتنی کوردستانمان لێبگرێت".

سەرۆکی حکومەت، داوای لە باڵیۆزی وڵاتان کرد، دوای بینینی ئەمجۆرە پرۆژانە، زیاتر هانی کۆمپانیاکانی وڵاتەکانیان بدەن، تا بێن و لە کوردستان وەبەرهێنان بکەن.

مەسرور بارزانی وتیشی "ئومێدێکی زۆرمان هەیە، کە کوردستان نەک تەنیا بۆ خەڵکی کوردستان جێی خێر و بەرەکەتە، بەڵکو بۆ عێراق و ناوچەکەش دەبێتە نموونەیەکی سەرکەوتووی بووژانەوەی ئابووری". هیوای خواست، کۆمپانیا بیانییەکان زیاتر روو لە کوردستان بکەن و وەبەرهێنان بکەن، هەم خۆیان تێیدا سوودمەند بن هەم لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستانیش یارمەتی حکومەت بدەن.