
پەیامی کورد... منداڵێک لە شاری شنۆ دەستبەسەر کرا
منداڵێکی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی کۆمار شابۆیی و تەمەن ١٤ ساڵ، پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراوە، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٢٦ی جەنیوەری ٢٠٢٣) منداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵ بە ناوی کۆمار شابۆیی و خەڵکی شاری شنۆ، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕەوتی ڕفاندنی ئەو منداڵەدا پاش ئەوەی کە ماڵی بنەماڵەکەیان بەتەواوەتی پشکنیوە، دەستیان بەسەر کۆمپیوتەرەکەی و مۆبایلی هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەیاندا گرتووە و هەموو مۆبایلەکانیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.
تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لەسەر هۆکاری هێرشی هێزە حکوومەتییەکان و ڕفاندنی ئەو منداڵە و هەروەها شوێن و بارودۆخی ڕاگیرانی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.