image

پەیامی کورد      ...    موراد قەرەیلان: ئەردۆغان داوای ئاگربەستی لە ئێمە کرد   ...  

ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری پەکەکە مۆراد قەرەیلان ئاشکرای کرد کە سەرۆککۆماری تورکیا ڕەجەب تەئیب ئەردۆغان لە ڕێگەی شاندێکەوە داوای ئاگربەستی لە پەکەکە کردووە .

موراد قەرەیلان لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی ستێرک تی ڤیدا رایگەیاند، "لەئێستادا دۆزی ئازادی گەلی کورد لە سەردەمێکی زۆر گرینگدا تێدەپەڕێت، لەسەر تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد پلانی دوژمن و نەیارەکان هەیە، لە باکووری کوردستان ئاپۆ لە ساڵی 2013دا ئاگربەستێکی راگەیاند و ئاگربەستەکە 2 ساڵ بەردەوام بو، بەڵام دەوڵەتی تورکیا بینی کە ئاگربەستەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستی گەلی کورد بەهێز دەکات، چاوپێکەوتنەکان گەیشتنە ئەنجامێک و پەیامی هاوبەش بڵاوکرانەوە، بەڵام ئەردۆگان قبوڵی نەکرد و لەگەڵ پارتە توندڕەوەکانی وەک باخچەلی و دۆغو پەرینچەک کە دوژمنی گەلی کوردن، هاوپەیمانی بەست و هێرشی گشتگیری دەستپێکرد".

قەرەیلان هەروەها باس لە ئۆپراسیۆنی ئەرتەشی تورکیا لە باشووری کوردستان و دۆخی پەیوەندییەکانی پەکەکە و پارتی کردووە .

قەرەیلان لەم چاوپێکەوتنەدا ئاشکرای دەکات و دەڵێت ئاگاداری شاراوە و نهێنی لە لامان هەبوو . دەمویست ئەو کاتەی کە ڕاستەوخۆ جەنابی کاک مەسعوود بارزانی دەبینم پێی ڕابگەێنم . بەڵام ئێستا بۆ ڕای  گشتی ڕادەگەێنم و بڵاوی دەکەمەوە . با هەموو خەڵک بزانن ماوەیەک پێش ئێستا چەند مانگێک لەمەو پێش تەئیب ئەردۆغان شاندێکی ناردە لای ئێمە ئەو شاندە بە  ئێمەی ڕاگەیاند لە ناو سنوورەکانی تورکیادا لە باکووری کوردستان ئاگربەستێک ڕابگەێنن و لە پارچەکانی دیکەش چی دەکەن بیکەن ، ئێمە بە ئێوەوە خۆمان خەریک ناکەین . لێرە مانای ئەوە چییە ؟؟ یانی بە ئێمە دەڵێن بڕۆن ئاگربەست ڕابگەینن و ناکۆکی و شەڕ ی ئێوە لەگەڵ پارتی هەیە و بڕۆن شەڕی خۆتان لەگەڵ پارتی بکەن . ئەوە پیلانگێڕی دەوڵەتی تورکیایە و دەبێ ئێمە لە بەرامبەر ئەو پیلانگێڕییانەدا هۆشیار و ئاگادار بین .

موراد قەرەیلان باسی لەوەشکردوە، "لە سەردەمێکی بەم شێوەیەشدا کە هێرشی فراوان لەبەرانبەرمان ئەنجام دەدرێت، ئایا چۆن هێرش دەکەینە سەر پێشمەرگە؟ ئایا ئەمە دەچێتە عەقڵەوە؟ بۆچی بە دەستی خۆمان بەرەیەکی دیکەی شەڕ لەبەرانبەری خۆمان بکەینەوە؟ هەر کەسێک کە کەمێک ژیر بێت و لە شەڕێکی بەم شێوەیەدا بێت، لە شەڕی مان و نەماندا بێت، چۆن بەرەی دوەمی شەڕ لەدژی خۆی بکاتەوە؟، هەم لە شوێنێکی وەک مەتینا، ئێستا لە باکوری مەتینا شەڕ هەیە، لە ناو مەتینا بۆچی بەرەیەکی دیکە لەدژی پێشمەرگە بکەینەوە؟ لێرەدا هیچ ژیریەک نییە و هیچ بناغەیەک بۆ ئەو شتە نییە، واتە گەریلا هێرشی نەکردوەتە سەر پێشمەرگە، ئایا گەریلا شێت بوە بەرەی دوەم لەدژی خۆی بکاتەوە؟".

قەرەیلان وتیشی، "داوا دەکەم بەرپرسانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ، زەحمەتکێشان، سۆسیالیست، حیزبی شیوعی، هەمو رۆشنبیران، هونەرمەندان، رێکخراوە مەدەنییەکان لە بەرامبەر ئەوەدا هەڵوێستیان هەبێت و بڕۆن بۆ ئەوێ، رەنگە مرۆڤ نەتوانێت بڕوات بۆ ئاڤاشین و زاپ و هەندێک شوێنی تر، چوونکە رۆیشتن بۆ ئەو شوێنانە زەحمەتە، بەڵام رێگای مەتینا کراوەیە و رێگاکە دێت تاوەکو ناوەند، هەر کەس بیەوێت دەتوانێت بێت و سەیر بکات تاوەکوو بزانێت کێ مافدارە و کێ مافدار نییە، دەستی خۆتان بخەنە سەر رووداوەکە، ئێمە هەرگیز لە دژی سەروەریی حکومەتی هەرێمی کوردستان نین، بەڵام وەک وتم، دیالکتیکی کوردستان هەیە، ئێستا هەلومەرجی ئاوارتە و نائاسایی هەیە، دوژمن دێتە سەرمان و هێرش دەکاتە سەرمان".