
پەیامی کورد... ژاپۆن دەرمانێکی بۆ چارەسەری نەخۆشی زەهایمەر پەسەندکرد
کۆمپانیای ئیسای دەرمانسازی ژاپۆنی ڕایگەیاند، وەزارەتی تەندروستی وڵاتەکەیان ڕەزامەندی لەسەر بەکارهێنانی دەرمانی “لیکێمبێ” بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی زەهایمەر دەرکردووە و لەگەڵ کۆمپانیای بایۆجینی ئەمریکی پەرەیان پێداوە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لیژنەیەکی سەر بە وەزارەتی تەندروستی لە مانگی ئابدا پێشنیاری پەسەندکردنی ئەو دەرمانەیان کرد، چونکە پێشتر لە مانگی تەمموزدا لەلایەن ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکاوە پەسەندکرا.
ئەم دەرمانە یەکەم چارەسەرە کە سەلمێنراوە کە پێشکەوتنی نەخۆشی زەهایمەر لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا خاو دەکاتەوە، بەڵام پسپۆڕانی ئەمریکا جەختیان لەوەکردەوە، هۆشدارییەک لەسەر دەرمانەکە دابنرێت کە ئاماژەیە بۆ مەترسی ئاوسانی مێشک، وەک دەرمانەکانی تری زەهایمەر.
ئەو دەرمانە، دوو هەفتە جارێک لە ڕێگەی خوێنبەرەوە دەدرێت بە نەخۆشەکان، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی تاقیکردنەوەکانی سەر (لیکێمبێ) کە لە مانگی ئەیلولدا بڵاوکرانەوە، دەریانخستووە کە دەرمانەکە هۆشیاریی نەخۆشانی زەهایمەری بە ڕێژەی 27٪ خاوکردووەتەوە.