image


پەیامی کورد … ژنێکی خەڵکی سنە بە دەستی هاوژینەکەی کوژرا

ژنێکی گەنجی خەڵکی شاری سنە لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە ناوی بەهرام بەختیاری کە خەڵکی هەمەدانە بە زەربی چەقۆ کوژرا.

بە گوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١، ژنێکی گەنجی خەڵکی سنە بە ناوی لەیلا شەکیبا تەمەن ٣٩ ساڵ بە چەقۆ و لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەیلا شەکیبا دایکی دوو منداڵ و دانیشتووی شاری هەمەدان بووە. هاوژینی لەیلا بە هۆی کێشەی خێزانییەوە بە چەقۆ لەیلای لە ماڵی خۆیان کوشتووە. شایانی باسە بنەماڵەی لەیلا ڕۆژی هەینی لە ماڵی لەیلا لە شاری هەمەدان میوان بوونە و هەمان ڕۆژ ئێوارە گەڕاونەتەوە ماڵی خۆیان لە شاری سنە.

ڕەزا شەکیبا برای لەیلا لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، هاوژینەکەی لەیلا بە ناوی بەهرام بەختیاری خەڵکی هەمەدانە و هەمان شەو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.