image

پەیامی کورد     ...    ڕۆژنامەنووسێکی بەناوبانگی سلێمانی و ١١ گەنجی دیکەی شارەکانی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی مەترسیدارن لە بێلاڕووسیا

مەم بورهان قانع، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ماوەی ٧ رۆژە ١٢ گەنجی شارەكانی سلێمانی و هەولێر و كەركووك ، لە دارستانێكی سنووری نێوان هەردوو ووڵاتی بێلا ڕووسیا و پۆڵەندا گیریان خواردوە و باری تەندرووستی هەندێكیشیان زۆر خراپە و لە دۆخێکی مەترسیدارن
مەم بورهان قانع ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، لەنێو ئەو ١٢ گەنجەدا، كە لە داراستانێكی خاڵی سنووری "گرۆدنا"دا گیریانخواردوە، هەشتیان خەڵكی شاری سلێمانی و دوانیان خەڵكی شاری هەولێر و دوو كەسەكەی تریشیان خەڵكی شاری كەركووك ن و یەكێكیش لەوانە رۆژنامەنووسێكی ناسراوی شاری سلێمانییە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان باسی لەوەشکرد، "لەسەر خاڵی سنووری پەڕینەوەدا لە بلا ڕووسیاوە بۆ پۆڵەندا، لەلایەن پاسەوانانی سنوورەوە لێیان دراوە و پارە و خواردنیشیان لێسەندوون و ئەمڕۆ دەبێتە ٧ رۆژ كە لەو دارستانەدا گیریان خواردوە و نە پاسەوانانی سنووری بێلا ڕووسیا رێگایان دەدەن بگەڕێنەوە، نە پاسەوانی سنووری پۆڵەندایش رێگای چوونە ناو ووڵاتەكەیان پێدەدەن".

مەم بورهان قانع ووتیشی، "لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییەكانی پەرلەمانی كوردستان و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی ئەو ١٢ گەنجە سەلامەت بن، بەڵام لەئێستادا هەوڵەكان بۆ رزگاركردنیان وەكوو پێویست نییە"، داوایشی لە بەرپرسانی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد، لەئاست بەرپرسیارییەتیدا بن بۆ رزگاركردنی گیانی ئەو ١٢ هاووڵاتیەی هەرێمی كوردستان.