image

پەیامی کورد   ...  نێچیرڤان بارزانی بریندارانی ڕووداوه‌كه‌ى حەمدانییەی بەسەر کردەوە

ئێواره‌ى چوارشه‌ممه‌ 2023/9/27 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ نه‌خۆشخانه‌ى ئیمێرجێنسى له‌ هه‌ولێر، بریندارانى ڕووداوى ئاگركره‌وتنه‌وه‌ى شه‌وى ڕابردووى حه‌مدانییه‌ى به‌سه‌ر كرده‌وه‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ له‌ دۆخى ته‌ندرووستییانى پرسى.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى هه‌موو پشتگیرى و یارمه‌تییه‌كى بۆ برینداران و به‌ركه‌وتووانى روداوه‌كه‌ دووپات كرده‌وه‌ و سوپاس و پێزانینى بۆ كارمه‌ندانى نه‌خۆشخانه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى كه‌ خزمه‌ت و یارمه‌تى پێشكه‌ش به‌ برینداران و به‌ركه‌وتووان ده‌كه‌ن.

دواى به‌سه‌ركردنه‌وه‌كه‌ش، به‌ڕێزیان له‌ لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانیدا ووتى:

“پێش هەموو شتێک دەمەوێ سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری ئەم خەڵکە بکەین. کارەساتێکی گەورە بوو، کارەساتیکی مرۆییی گەورە بوو. دەمەوێ دەستخۆشی لە وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەریمی کوردستان و پارێزگاری هەولێر بکەم کە بە ڕاستی هەر لەگەڵ ڕوودانی کارەساتەکە و لە یەکەم کاتژمێری ڕووداوەکەدا، ئەمبۆلانسیان نارد. دەمەوێ پڕ بە دڵ سوپاس و دەستخۆشی له‌ کارمەندانی تەندروستی بکەم. ئەوەی لێرە بینیم، ئەو چاودێرییەی بۆ نەخۆشەکان دەیکەن، بە ڕاستی جێی شانازییە، جێی شانازییە بۆ هەموو خەڵکی هەریمی کوردستان.

ئەمە کارەساتیکی گەورەی مرۆیییە، ئێمە دەبێ هەموومان لەگەڵ ئەو خوشک و برایانە بوەستین، بەڵکوو خوای گەورە ئارامییان پێ ببەخشێت. هەر لەم چوارچیوەیەدا ئەمڕۆ من لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراقیش قسەمان کردووە. جەنابیان زۆر په‌رۆشه‌ و دەستبەجێ وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستی ناردووەتە مووسڵ و دێنە ئێرەش. ئێمە داوامان لێ کردوون کە بە ڕاستی لێکۆڵینەوەیەکی جددی لەم ڕووداوە بکرێت و دەبێ قوربانییەکان قەرەبوو بکرێنەوە. جەنابی سەرۆک وزەیران لە بەغدا بە سوپاسەوە، بە گرنگییەوە دەڕوانێتە ئەم بابەتە و بەڵینی داوە لە ئەنجومەنی وەزیران باسی بکات و هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی ئازارەکانی ئەم خەڵکە کەم ببێتەوە. هیوادارم خوای گەورە ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت. بە ڕاستی کارەساتێکی زۆر گەورەیە و هەموومان نزا دەکەین کە نەخۆشەکان بە زووترین کات چاک ببنەوە.

ئەوەی لە کادیری تەندروستیی ئەم نەخۆشخانەیە، نەخۆشخانەی ئیمرجێنسیم بیست، دەڵین ئێمە دەتوانین لێرە چارەسەری هەموویان بکەین. دیسانەوە دەڵێم، سوپاسێکی گەرمی ئەو کارمەندانە دەکەم و دەستخۆشییان لێ دەکەم بۆ ئەو کارە مرۆیییەی ئەم ستافە ئه‌مڕۆ لێرە بینیم ئەنجامیان داوە. دیسانەوە سوپاسی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەریمی کوردستان، به‌ڕێزان وەزیری تەندروستی و پارێزگاری هەولێر دەکەم کە بە پەرۆشەوە هاتوون.

لێرەوە دەمەوێ بڵێم، هەر شتێک کە پێویست بێت بۆ ئەوانە، ئێمە لە خزمەتدا دەبین و بۆیان دەکەین. ئەوانە ئازیزی ئێمەن و ئەو ئازار و کارەساتەی بەسەر ئەواندا هاتووە وا حیسابی دەکەین هی خۆمانە، هی هەرێمی کوردستانە و هی خەڵکی هەرێمە. هەموومان بە دڵ و بە گیان لەگەڵیانین، لەم ئازارەی کە ئەمڕۆ ئەوان تووشی بوون، هەموومان لەگەڵیان دەمێنینەوە، خوا ئارامی و هێزی بەرگەگرتنیان بداتێ.