image

پەیامی کورد      ...   نێچیرڤان بارزانى: هەرێم شانازى بە کولتوورى پێکەوەژیان و لێبووردەیییەوە دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ كاردینال لۆئیس ساكۆ، پاتریاركی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان کۆبووەوە و رایگەیاند، هەرێمى کوردستان شانازى بە کولتوورى پێکەوەژیان و لێبووردەیییەوە دەکات و وەک هەمیشە بە لانەى ئارامى هەموو پێکهاتەکانى دەمێنێتەوە.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە كاردینال لۆئیس ساكۆ پاتریاركی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان و شاندێكی یاوەری كرد، لە دیدارێکدا دۆخى پێکهاتەى کلدان و مەسیحییەکانى عیراق و هەرێمى کوردستان بەگشتى و ڕەوشى ئاوارە مەسیحییەکانیان لە هەرێمى کوردستان تاوتوێ کرد، هەروەها تیشکیان خستە سەر دۆخى دەشتى نەینەوا و مەسیحییەکانى مووسڵ و ناوچەکە.

لەراگەێندراوەکەدا هاتوە، هاوڕا بوون کە متمانە و دڵنیایى پێویستە بۆ ئەوەى ئاوارە مەسیحییەکان بتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانیان و دەست بە ئاوەدانکردنەوە و گەڕاندنەوەى ژیان بۆ ناوچەکانیان بکەن کە لە ئەنجامى هێرشەکانى داعشدا زیانى زۆریان بەرکەوتوە و پێویستییان بە یارمەتى و هاوکاری نێودەوڵەتى هەیە.

نێچیرڤان بارزانى دووپاتیکردەوە، کە هەرێمى کوردستان شانازى بە کولتورى پێکەوەژیان و لێبووردەیییەوە دەکات و وەک هەمیشە بە لانەى ئارامى هەموو پێکهاتەکانى دەمێنێتەوە، هەردولا سەردانى پاپاى ڤاتیکانیان بۆ عیراق و هەرێمى کوردستان بە گرینگ لە قەڵەم دا کە ڕۆڵى لە قووڵکردنەوەى کولتوورى پێکەوەژیاندا هەیە.

كاردینال ساكۆ ستایشى پێکەوە ژیان، یەکترقبووڵکردن، لێبووردەیى، ئاوەدانى و پێشکەوتن و ڕۆڵى سەرکردایەتى لە هەرێمى کوردستان کرد و دووپاتیکردەوە، کوردستانیبون ناسنامەیەکى کۆکەرەوەى هەموو پێکهاتە ئایینى و نەتەوەیییەکانە و ئاوارە مەسیحییەکان لە وڵاتانى جیهان دەتوانن بگەڕێنەوە تا بە ئارامى و دڵنیایى لە کوردستان بژین و هاوبەشى و بەشدارى لە پێشخستن و ئاوەدانکردنەوەیدا بکەن.
هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عیراق و چەند پرسێکى تایبەت بە کاروبارى کەنیسە و مەسیحییەکان لە عیراق و هەرێمى کوردستان، تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوو.