image

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: بڕیارێکی باشمان داوە لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، گۆڕانکاریی گەورەمان لە مووچە کردووە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا کۆتایی بە سیستەمی پاشەکەوت دەهێنین.
 

نێچیرڤان بارزانی هەنگاوی کردەنی بۆ کەمکردنەوەی سیستمی پاشەکەوتی مووچە ڕایگەیاند و، دەربارەی خۆپێشاندانەکانیش گوتی، نابێ ئەحزابی سیاسی بۆ مەرامی سیاسیی خۆیان خۆپێشناندان بە لاڕیدا ببەن و بە لای حکوومەتەوە ئەمە قابیکی قبووڵ نییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای سێ ساڵ لە سەختیی گوزەرانی خەڵکی کوردستان و تێگەیشتنیان لەو دۆخە قەیراناوییەی هەرێم تێیکەوتووە، ڕایدەگەیێنم، لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێم هەنگاوێکی زۆر باشمان بڕیوە بەرەو کۆتاییهێنان بە سیستمی پاشەکەوت مووچە.
گوتیشی، دوای ئەو پڕۆژەیەشی کە لە پەرلەماندا هەیە، دەتوانین بڵێین کە کۆتایی بە سیستمی پاشەکوت دێت. هەڵبەتە بەو چاکسازیانەی دەیکەین، پابەندیی خۆمان کۆتاییهاتن بەو سیستمە ڕادەگەیێنین.

نێچیرڤان بارزانی ڕاشیگەیاند، ئەوانەی کە دێنە سەر شەقم داواکاریی ڕەوان لە بارەی مووچەوە، بەڵام پشێوییەکانی ئەم دواییە، جۆرێکی دیکە بوو، ڕوونە کە هەندێک لە حزبە سیاسییەکان بۆ مەرامی خۆیان خەڵکیان هان دەدا.
لە ڕاستدا حکوومەت تێگەیشتنی باشی بۆ خواستی فەرمانبەران و مووجەخۆران هیەە، بەڵام کاتێک حزب دێتە نێو پرسەکە و دەیەوێ پشێوی بنێتەوە، ئەوا حکوومەت وەڵامی خۆی بۆیان دەبێ.

دەربارەی لێدان و هێرشکردنە سەر مامۆستایانیش گوتی، بۆ کۆتایی بە ئاژاوەگێڕی، هەوڵەکان درێژەیان هەیە و ناهێڵین لە شارەکاندا ئاژاوە سەقامگیریی هەرێم تێک بدات.

نێچیرڤان بارزانی ئاشکرایشی کرد، کە کەسانێک هەبوون هەوڵیان داوە بە زانیاریی نادروست، مامەڵەی بەغدا لەگەڵ حکوومەتی هەرێم خراپتر ببێ و گوتی، "ئەو کەسانە سەریان لە سەرۆکوەزیرانی عێراقیش شێواندووە، پێێان دەگوت مووچە ڕاستەوخۆ مەنێرە و ڕاستەوخۆیش مامەڵە لەگەڵ هەولێر مەکە. ئەو ماوەیە بەشێک لە پەرلەمانتاران و کەسایەتی ئەو داوایەیان لە عەبادی هەبووە، بەڵام خۆشبەختانە سەرۆکوەزیران دەستووری پێشێل نەکرد و بەگوێێ ئەوانەی نەکرد.
هەڵبەتە بەو شەفافیەتەیشی ئێمە و ڕوونکردنەوەمان، مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بوو و کردنەوەی فڕۆکەخانەکانیشی بە دوای خۆیدا هێنا، ئەوە ڕاستە کە ئەو بڕەپارەیەی ناردوویەتی، مووچەی تەواوی پێ دابین نکارێ، بەڵام سەرەتایەکی باشە."

سەرۆک وەزیران جەخت دەکاتەوە، "داواکاریی خەڵک ئیستیغلال کراوە، هەندێک لایەنی سیاسی لە پشت ئەم پرسەوەن و بۆ کۆتاییش بە سیستمی حوکمڕانی، ئەوا سندووقی دەنگدان هەیە و دەکرێ لەو ڕێگە دیموکراسییەوە هەوڵ بدەن."
بارزانیراشیگەیاند، کە حکوومەت کێشەی ئابووری هەیە و گرفت لەوەیە بە درۆ و زانیاریی هەڵە، سەریان لە خەڵک شێواندووە، ئاخر هیچ حکوومەتێک لە دنیادا نییە مووجەی مووچەخۆرانی نەدا، ئێمەش هەموو هەوڵێکمان هەیە بۆ ئەو مەبەستە.

ئەو دەشڵێ، هیچ ڕێککەوتنێکی شاراوەمان لەگەڵ بەغدادا نییە و ئەوەی کردوومانە لە چوارچێوەی دەستووردا بووە.
پێوەست بە گەشتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، هەوڵم لەگەڵ حکوومەتی تورکیا داوە و هیوادارین بەمزووانە وەڵامی ئەرێنی هەبێ.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، بەو بڕیارەی کە داومانە، دەتوانین هەر 30 ڕۆژ جارێک مووجە دابین بکەین. هەروەها دەڵێ، داهاتی حکوومەت چەندە بەرز ببێتەوە، کێشەکان چارە دەکەین، ئەوانەی مووجەیان لە 400 هەزار کەمترە، سیستمی پاشکەوت نایانگرێتەوە، پێشتر کە پاشەکەوت کە 50 و 60 لەسەد بووبێ، ئێستا لە 20 لەسەد تێپەڕ ناکات.