image


پەیامی کورد … نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ گرووپی پەرلەمانتارانی بەریتانیا بۆ دۆستایەتیی کوردستان کۆبووەوە

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شاندێکی یاوەری لە لەندەن لە ئێوارەخوانێکدا لەگەڵ گرووپی پەرلەمانتارانی بەریتانیا بۆ دۆستایەتیی کوردستان کۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆیەکی کراوەدا نێچیرڤان بارزانی، پوختەیەکی دەربارەی دۆخ و پێشھاتەکانی ئێستای ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەی پێشکەش کردووه‌ و دید و بۆچوونی خۆی و ھەرێمی کوردستانی بۆ چۆنییەتیی چارەسەرکردنی کێشەکان و ھەوڵ و ھەنگاوەکان لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا خستووه‌تەڕوو.

نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردووەتەوە کە ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە بە فاکتەری ئارامی و سەقامگیریی دەمێنێتەوە و ئامادەیە ھەموو کێشەکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق بە دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکات، ھەروەھا سوپاسی پشتگیریی گرووپی پەرلەمانتارانی بەریتانیای بۆ دۆستایەتیی کوردستان و حکوومەتی بەریتانیای بۆ ھەرێمی کوردستان کردووه‌.

لای خۆیانەوە گرووپی پەرلەمانتارانی بەریتانیا بۆ دۆستایەتیی کوردستان، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵییان بە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەریتانیادا، بەردەوامیی ھەوڵدان و کار کردن و پشتگیریی خۆیان بۆ ھەرێمی کوردستان و دەستەبەر کردن و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی دووپات کردووه‌ته‌وه‌ و ھیوای سەرکەوتنیان بۆ خواستووه‌.

دۆخ و پێشھاتەکانی ناوچەکە بەگشتی و چەند پرسێکی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ گرووپی پەرلەمانتارانی بەریتانیا بۆ دۆستایەتیی کوردستان بووه‌.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.