
پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شاندێكی باڵای ئەمریكی كۆبووەوە
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە 15/3/2023 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە پهراوێزی دیداری سلێمانی لەگەڵ شاندێكی باڵای ئەمریكا بە سەرۆكایەتی تێری ووڵف یاریدەدەری تایبەتی سەرۆکی ئهمریکا و بەڕێوبەری باڵا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی و شاندێكی یاوەری كۆبوووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئابووری عێراق و هەرێمی كوردستانیان تاوتوێ كرد و دەربارەی پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و كێشەكانی نێوانیان، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد.
شاندی باڵای ئەمریكا بەردەوامی پشتگیری و هاوكاری ئەمریكای بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە. دەربارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش، شاندی ئەمریكا یەكڕیزی هێزە سیاسییەكانی كوردستان بە تایبەتی پارتی و یەكێتی به پێویست زانی بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگاری و سەختییەكانی ئێستا لە عێراق و هەرێمی كوردستان.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەردوولا هاوڕابوون كە چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیری سیاسی و ئابووری عێراق و هەرێمی كوردستان، هەروەها جهختیان له پشتگیری محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ و كارنامەی حكوومەتەكەی کردهوه.
تاوتوێكردنی دۆخی ناوچەكە بە گشتی و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبهش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.