image

پەیامی کورد      ...    نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان كۆبووه‌وه‌

سەر لە یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/5/4  نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، سه‌ردانى سلێمانى كرد و له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ هەردوو جێگرانى سه‌رۆك ئاماده‌ى بوون، پرۆسه‌ى سیاسى و دۆخى هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى، پرسى ئاماده‌كردنى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان، ته‌حه‌دییه‌كانى ئه‌م قۆناغه‌ و مه‌ترسییه‌كانى، كێشه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ تاوتوێ كران.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌ ڕه‌خساندنى كه‌شێكى له‌بار بۆ به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و پاراستنى ئازادییه‌كان و ته‌بایی ناوخۆیى كرایه‌وه هاوڕا بوون كه‌ ته‌حه‌دییه‌كان و دۆخى ناوخۆ، عێراق، ناوچه‌كه‌ و جیهانیش‌ ده‌خوازێت هه‌رێمى كوردستان یه‌كڕیز و ته‌با بێت.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ خۆیان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ن هه‌موو هه‌وڵێك له‌م پێناوه‌دا بخه‌نه‌ گه‌ر و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمى كوردستان شوێنى كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌موو بیروبۆچوونه‌ جیاوازه‌كان و لایه‌ن و پێكهاته‌كان بێت و ئامانجى هاوبه‌شى هه‌مووان پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانى هه‌رێمى كوردستان و باشتركردنى ئه‌زموونه‌كه‌ى بێت.

لاى خۆیه‌وه‌ عومه‌ر سه‌ید عه‌لى ڕێكخه‌رى گشتی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و سه‌ركردایه‌تی بزووتنه‌وه‌كه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمى كوردستانیان به‌ ئه‌رێنى و جیددى له‌ قه‌ڵه‌م دا و دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌لایه‌ن‌ هه‌موو و هێز و پێكهاته‌كانه‌وه‌ پشتگیرى له‌و هه‌وڵانه‌ و له‌و ئاراسته‌یه‌ بكرێت كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پرۆسه‌ى سیاسى و هه‌موو لایه‌كدایه‌.

له‌باره‌ى پرسى ده‌ستووریشه‌وه‌ هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌وه‌ى پێویسته‌ هه‌رێمى كوردستان خاوه‌نى ده‌ستوورێكى سه‌رده‌میانه‌ و پێشكه‌وتوو بێت كه‌ به‌شداریى هه‌مووانى تێدا بێت و خواست و مافه‌كانى هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان و ئێستا و داهاتووى ووڵات و گه‌لى كوردستان بپارێزێت و له‌گه‌ڵ دنیاى پێشكه‌وتوو بگونجێت. بۆ ئه‌مه‌ش به‌ پێوست زانرا دید و بۆچوونى ته‌واوى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كان و چین و توێژه‌كانى كۆمه‌ڵگا له‌ ئاماده‌كردنیدا ڕه‌نگ بداته‌وه‌ تا دوا جار له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌گاته‌ ئه‌نجام.

دواى كۆبوونەوه‌كه‌ش سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی لە وه‌ڵامى ڕۆژنامه‌نووساندا سەبارەت بە ئامانجی سەردانەكەیان و ناوەڕۆكی كۆبوونەوەیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ووتی: “ئەمڕۆ سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانمان كرد و دوای ئەوەش سەردانی برادەرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەین، سەرێك لە حزبی سۆشیالیست یش دەدەین. وەك خۆتان دەزانن پێشتریش كۆبوونەوەیەكمان لە سەرۆكایەتی هەرێم ئەنجام داوە و تیایدا بڕیارمان دا سەردانی حیزبەكان بكەین، لەگەڵ حزبەكان هەوڵی جیددی بدەین ئەو كێشانەی لەناو هەرێمی كوردستان هەیە كەمی بكەینەوە و هەوڵیش بدەین لەسەر پرسی دەستووری هەرێمی كوردستان هەندێك بیروڕا لەگەڵ حزبەكان ئاڵوگۆڕ بكەین. هەر بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ لە سلێمانی چاومان بە برادەرانی بزووتنەوەی گۆڕان كەوت و دواتریش یەكێتی لەسەر هەمان پرس دەبینین.”

دەربارەی یەكدەنگی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند “شێوە و سیستمی هەڵبژاردن بەو شێوەیەك نییە هەر لە ئێستاوە هاوپەیمانی درووست بكەی، له‌وانه‌یه‌ ئەوە زۆر دەگمەن بێت، بەڵام بێگومان دوای هەڵبژاردنیش پێویستە كۆدەنگی هەبێت، پێویستە هەموو حزبەكان چوارچێوەیەك بۆ هاریكاری بدۆزنەوە چوونكە ئەوەی ئاشكرایە ئه‌وه‌یه‌ ئەگەر پێكه‌وه‌ بین دەتوانین هەندێك لەو دەسكەوتانەی خۆمان لە بەغدا جێبەجێ بكەین، بەڵام ئەگەر پەرتەوازە بین بێگومان هەرێمی كوردستان زەرەمەندی یەكەم دەبێت و هەموو هەوڵی سەرۆكایەتی هەرێمیش بۆ ئەوەیە بتوانین ئەو یەكڕیزییە درووست بكەین”.