image

پەیامی کورد       ...    نێچیرڤان بارزانی سەرۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزى ئه‌مریكا كۆبووه‌وه‌

پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/6/21 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ماتیو توله‌ر باڵیۆزى ئه‌مریكا له‌ عیراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دۆخى عیراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان، مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش، هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشوه‌خته‌ى عیراق و داهاتووى پرۆسه‌ى سیاسى له‌ ووڵات، ڕۆڵ و سیاسه‌تى ئیداره‌ى تازه‌ى ئه‌مریكا له‌ عیراق و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، تاوتوێ كران.

باڵیۆزى ئه‌مریكا دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا له‌ هاوبه‌شى و هاریكارى له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كان و دۆستانى له‌ عیراق و ناوچه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى هاوڕا بوو كه‌ تیرۆر و مه‌ترسییه‌كانى داعش له‌ عیراق و ناوچه‌كه‌ هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ى جددى و راسته‌قینه‌ن و هاریكارى و هه‌ماهه‌نگى و به‌رده‌وامی ئه‌ركى هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تى، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان پێویستن.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى پابه‌ندی ئه‌مریكاى به‌ به‌رده‌وامی هاریكارى و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانى له‌ عیراق و ناوچه‌كه‌ به‌ په‌یامێكى گرینگ و مایه‌ى دڵنیایى له‌ قه‌ڵه‌م دا و جه‌ختى له‌ خواستى هه‌رێمى كوردستان به‌ بره‌ودانى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و فراوانكردنى بواره‌كانى هاریكارى و هاوبه‌شی نێوانیان كرده‌وه‌.

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه‌دا باڵیۆزى ئه‌مریكا خۆشحاڵی خۆى به‌ ده‌رچوونى خولێكى دیكه‌ى زانكۆى ئه‌مریكی كوردستان له‌ دهۆك نیشان دا و پیرۆزبایى له‌ ده‌رچووان كرد، هه‌روه‌ها پشتگیری ووڵاته‌كه‌ى له‌ پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و هه‌نگاوه‌كانى یه‌كخستنى پێشمه‌رگه‌ دووپات كرده‌وه‌.

به‌رنامه‌ى كارى سه‌ردانى باڵیۆزى ئه‌مریكا بۆ‌ هه‌رێمى كوردستان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى مه‌ڵبه‌ندێكى كه‌له‌پوورى‌ سریانى، پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا له‌ هه‌رێمى كوردستان، پێشهاته‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو.