image

پەیامی کورد     ...    نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى گشتى UN كۆبووه‌‌وه

ئێواره‌ى ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 2021/10/14 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ خاتوو جینین پلاسخارت نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق، كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق و ئه‌نجامه‌كانى، دۆخى عیراق به‌گشتى و پێشبینییه‌كان بۆ داهاتووى پرۆسه‌ى سیاسى له‌ ووڵات، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا هیوایان خواست ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن، دامه‌زراندنى حكوومه‌تێكى لێ بكه‌وێته‌وه‌ كه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى خواست و هیوا و چاوه‌ڕوانییه‌كانى ته‌واوى پێكهاته‌كان بێت و ئارامى و سه‌قامگیرى و خزمه‌تگوزارى بۆ عیراقییه‌كان دابین بكات، هه‌روه‌ها هاوڕا بوون كه‌ پێویسته‌ هه‌ر تانه‌ و تێبینییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن، به‌ ڕێكاره‌ یاسایییه‌كان یه‌كلا بكرێنه‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، سوپاس و ده‌ستخۆشى له‌ خاتوو پلاسخارت و نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق (یوونامى) كرد بۆ ڕۆڵى به‌رچاویان له‌ چاودێریكردنى پرۆسه‌ى ده‌نگدان و یارمه‌تیدان و پشتگیریكردنى عیراق.