image

پەیامی کورد     ...     نێچیرڤان بارزانی  سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و میرى قه‌ته‌ر په‌یوه‌ندییه‌كان و دۆخى ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2021/10/17 له‌ ده‌وحه‌ نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ شێخ ته‌میم بن حه‌مه‌د ئال سانى، میرى قه‌ته‌ر كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خاوه‌نشكۆ میرى قه‌ته‌ر دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ووڵاته‌كه‌ى به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عیراق ده‌ڕوانێت و ئارامى و سه‌قامگیری عێراقى به‌لاوه‌ گرینگه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌یی ووڵاته‌كه‌ى بۆ‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌‌رێمى كوردستان و عیراق به‌تایبه‌تى له‌ بواره‌كانى ئابوورى و بازرگانى و وه‌به‌رهێناندا ده‌ربڕى.

هەروەها خۆشحاڵی خۆى نیشان دا كه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ عیراق به‌ ئارامى به ڕێوه‌ چوو و جه‌ختى له‌ خواستى قه‌ته‌ر بۆ فراوانكردنى بواره‌كانى هاریكاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌، پوخته‌یه‌كیشى ده‌رباره‌ى دوا سه‌ردانى خۆى بۆ به‌غدا باس كرد و هیواى خواست له‌ هاتنى ئه‌م جاره‌یدا بۆ عیراق، سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان بكات.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى وێڕاى ئاماژه‌دان به‌ ڕۆڵ و كاریگه‌ری قه‌ته‌ر، خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌یه‌ هه‌موو ئاسانكارییه‌ك بۆ سه‌رمایه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى بكات، بۆ ئه‌مه‌ش یاساى وه‌به‌رهێنانى له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ هاریكار و هانده‌ر له‌ قه‌ڵه‌م دا.

هەروەها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگیرى له‌ عیراق و ناوچه‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، پوخته‌یه‌كیشى ده‌رباره‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عیراق و ئه‌نجامه‌ به‌رایییه‌كانى خسته‌ ڕوو، هه‌روه‌ها هیواى خواست حكوومه‌تێكى لێ بكه‌وێته‌وه‌ كه‌ ژیان و گوزه‌ران و خزمه‌تگوزاریى باشتر بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانى عیراق دابین بكات.

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بارودۆخ و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى كرد و جه‌ختیان له‌ گرنگیى هاریكاریى هاوبه‌ش بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى كرده‌وه‌.