image

پەیامی کورد    ...  نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى فه‌ره‌نسى كرد

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، 2022/10/2  نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ كریستیان كامبۆن سه‌رۆكى كۆمیسیۆنى ‏په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ و به‌رگرى و هێزه‌ چه‌كداره‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نى پیران ‏‏(سێنات)ى فه‌ره‌نسا و شاندێكى یاوه‌رى كرد.‏

له‌ دیدارێكدا په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و ‏چۆنیه‌تی بره‌ودان به‌ هاریكاری هاوبه‌شى نێوانیان خرانه‌ به‌ر باس و ده‌رباره‌ى ‏كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، مه‌ترسییه‌كانى داعش له‌ عێراق و سووریا، دۆخى ‏سیاسى و ته‌حه‌دییه‌كانى به‌رده‌م عێراق، بیروڕایان ئالوگۆڕ كرد.‏

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگیری ‏سیاسى، سه‌ربازى و مرۆیی فه‌ره‌نسا دووپات كرده‌وه‌ و به‌تایبه‌تى ئاماژه‌ى به‌ ڕۆڵى ‏سه‌رۆك ئیمانۆئێل ماكرۆن و هه‌وڵه‌كانى بۆ ئارامى و سه‌قامگیرى له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ ‏به‌گشتى كرد.‏

هەروەها هیواى خواست دۆستانى عێراق هاریكاری هه‌رێمى كوردستان و عێراق ‏بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌بێ ‏چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، سه‌قامگیری سیاسى له‌ عێراق نایه‌ته‌ ‏ئاراوه‌ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ردوولاى به‌ كلیلى ئارامى و سه‌قامگیری ‏عێراق له‌ قه‌ڵه‌م دا.‏

لاى خۆیه‌وه‌ كامبۆن، وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى به‌رده‌وامی پشتگیری فه‌ره‌نسا ‏بۆ هه‌رێمى كوردستان و گه‌یاندنى سڵاوى ماكرۆن و سه‌رۆكى سێناتى ‏فه‌ره‌نسا به‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، جه‌ختى له‌ گرینگی بره‌ودان به‌ ‏په‌یوه‌ندییه‌كانى ووڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌تایبه‌تیش له‌ ‏بوارى ئابوورى و وه‌به‌رهێناندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌یی فه‌ره‌نساى بۆ یارمه‌تیدانى ‏عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كانیان و گێڕانه‌وه‌ى ‏سه‌قامگیرى نیشان دا.‏

په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ووڵاتانى دراوسێ، چۆنیه‌تی ‏به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش، ڕه‌وشى ئێزدى و كریستیان و پێكهاته‌كان ‏له‌ هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى ‏بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو كه‌ كونسوولى گشتی ‏فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمى كوردستان و نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ‏فه‌ره‌نسا، ئاماده‌ى بوون.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان - عێراق