image

پەیامی کورد    ...   نێچیرڤان بارزانی پێشوازى له كۆمه‌ڵێك گه‌نجى داهێنه‌ر دەكات

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2022/5/19 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ‏پێشوازى له‌ ژماره‌یه‌ك له‌و گه‌نجانه‌ كرد كه‌ خۆبه‌خشانه‌ كاریان كردووه‌ و توانیویانه‌ ‏سه‌ركه‌وتووانه‌ زمانى كوردى (شێوه‌زارى سۆرانى) بۆ سه‌ر خزمه‌تگوزاریى وه‌رگێڕانى گووگڵ ‏‏(‏Google Translate‏) زیاد بكه‌ن.‏

له‌ دیداره‌كه‌دا چۆنیه‌تی ده‌ركه‌وتنى بیرۆكه‌ى زیادكردنى زمانى كوردى بۆ ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌ى ‏گووگڵ و قۆناغ و هه‌نگاوه‌كانى كارتێداكردنى و كێشه‌ و سه‌ختییه‌كانى به‌رده‌مى، تا گه‌یشتنى به‌ ‏ئه‌نجام و فه‌راهه‌م بوونى بۆ به‌كارهێنان و سوودلێوه‌رگرتن، له‌لایه‌ن به‌شدارانه‌وه‌ خرایه‌وه‌ ڕوو. ‏هه‌روه‌ها پوخته‌یه‌كیان ده‌رباره‌ى پلان و به‌رنامه‌كانیان بۆ داهاتووى خزمه‌تگوزارییه‌كه‌ و ‏ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى به‌ ده‌نگ و گه‌ڕانى وێنه‌یى و ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیا ته‌كنه‌ڵۆژیانه‌ى ‏به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ كوردستان ده‌فرۆشرێن، بۆ ئه‌وه‌ى سۆفتوێرى كوردى بۆ ئامێره‌كانیان زیاد ‏بكه‌ن، باس كرد.‏

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵى به‌و ده‌ستكه‌وته‌ گه‌وره‌یه‌ى بۆ زمانى ‏كوردى به‌ ده‌ست هاتووه‌، به‌ گه‌رمى ده‌ستخۆشى له‌و گه‌نجانه‌ى ئاماده‌ى دیداره‌كه‌ بوون و ‏هه‌موو ئه‌وانه‌ش كرد كه‌ له‌ كوردستان یان له‌ هه‌ر شوێنێكى ده‌ره‌وه‌ى وڵاتن، بۆ ئه‌م پرۆه‌ژه‌یه‌ ‏و پێشتریش بۆ زیادكردنى شێوه‌زارى كرمانجى و هه‌موو ئه‌و خزمه‌ته‌ى له‌م بواره‌دا وه‌ك ‏دروستكردنى كیبۆرد و فۆنته‌ كوردییه‌كان، ڕه‌نج و ماندووبوونیان كێشاوه‌ و كار و به‌رهه‌م و ‏ئه‌نجامى هه‌وڵه‌كانى هه‌موویانى به‌ مایه‌ى ستایش و ڕێز و پێزانین و خزمه‌ت به‌ زمان و ‏كولتوورى كوردى له‌ قه‌ڵه‌م دا.‏

 سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، هه‌موو پشتیوانییه‌كى بۆ كار و پرۆژه‌كانى ئه‌م گرووپه‌ ‏گه‌نجه‌ خۆبه‌خشانه‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌ دووپات كرده‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێ له‌ بواره‌كانى ئایتى و ‏ته‌كنه‌لۆژیادا بۆ بره‌ودان به‌ زمانى شرینى كوردى، خزمه‌ت بكه‌ن. هه‌روه‌ها داواى لێكردن كه‌ ‏پێكه‌وه‌ وه‌ك تیم بمێننه‌وه‌ و هاوكار و یارمه‌تیده‌ر و پشتیوانى یه‌كتر بن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن كار و ‏داهێنان و خزمه‌تى باشتر له‌م بواره‌دا بكه‌ن. لاى خۆیانه‌وه‌ ئه‌وانیش وێڕاى خۆشحاڵى، ‏سوپاس و پێزانینیان بۆ پێشوازى و پشتگیریى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى ده‌ربڕى.‏

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان - عێراق