image


پەیامی کورد... کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ سەبارەت بە یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشوازیی لە یەکگرتنەوەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستان کردووە و ئەم هەوڵەی بە هەنگاوێکی گرنگ لە ڕاستای بەهێزبوونی خەباتی خەڵکی ئێران بۆ وەدیهاتنی مافە ڕەواکانی نەتەوەکانی ئێران زانیوە.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ سەرەڕای ڕێزگرتن لە هەیئەتەکانی وتووێژ بۆ ئاکام گەیاندنی پرۆسەی یەکگرتنەوە، لە ئیرادەی هەر دوو لایەنی دیموکرات هیواداریی دەربڕیوە کە ئەو حیزبە لە داهاتووی نزیکی خۆیدا، خەبات دژی ڕژێمی ئێران بەگوڕتر بکات.

لەو ڕاگەیاندراوەدا هاتووە کە ئێمە وەکوو هاوپەیمانییەکی سیاسی کە حیزبی دیموکرات تێدا ئەندامە، ئەم یەکگرتنەوەیە بە نیشانەی ئیرادەی بەهێزی ئەو حیزبە بۆ بەرگری لە بایەخە مێژووییەکان و پتەوکردنی خۆمان لە خەبات دژی ڕژێمی ئێران بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی بزووتنەوەی میللی - دیموکراتیک لە کوردستان و هەروەها بزووتنەوەی ئازادیخوازانە لە سەرتاسەری ئێران دەزانین.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ یەکگرتنەوەی دیموکراتەکانی بە هەنگاوێکی گرنگ لە ڕاستای بەهێزبوونی ڕێزەکانی ئەو هاوپەیمانییە سیاسییە زانیوە چونکە حیزبی دیموکرات لە دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە.