image

پەیامی کورد     ...    ئەندامێکی بەریتانی لە ناو هێزە کوردییەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە دۆخی کوردانی ڕۆژئاوا هۆشداری دەدات

 ئەندامێکی بەریتانی پێشووی هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هۆشداری داوە لەبارەی دۆخی خراپی ئابووری کوردەکانی ڕۆئاوا و هەروەها مەترسی هەڵاتنی زیندانیانی داعش لە زیندانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان

بەپێی زانیارییەکان مەیسر جیفۆر، وەکوو سەدان هاووڵاتی ئەورووپی و ئەمریکی دیکە، لە کاتی هێرشی داعش بۆسەر ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژئاوای کوردستان تێکەڵ بە یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG بوو. ناوبراو ئێستا گەڕاوەتەوە بەریتانیا بەڵام هۆشداری داوە لە ئەگەری درێژەی هێرشەکانی داعش و هەڵاتنی هەزاران کەس لە ئەندامانی ئەو گرووپە لە زیندانەکانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی سووریا.

مەیسر کە سێ جار شان بە شانی هێزە کوردەکانی ڕۆژئاوا شەڕی داعشی کردووە، لەبارەی دۆخی خراپی ئابووری کوردەکانی ڕۆژئاوا هۆشداری داوە و بە گۆڤاری ئێکسپرێسی وتووە: بەهۆی کێشەی ئابوورییەوە توانای کوردەکان بۆ شەڕی داعش و ڕێگری کردن لە هەڵاتنی ٧٠ تا ٨٠ هەزار ئەندام و لایەنگری ئەو گرووپە لە کەمپ و زیندانەکانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتیان زۆر کەم بووەتەوە.

ناوبراو داوای لە وڵاتەکەی کردووە یارمەتی کوردەکان بدات بۆ شەڕی داعش و ڕێگری کردن لە هەڵاتنی زیندانیەکان.

ئەندامە بەریتانییەکەی یەپەگە جەختی کردەوە کۆمەڵگای جیهانی لەوان بەریتانیا یارمەتی کوردیان دا لە شەڕی داعشدا بەڵام ئێستا پشتگیرییەکان کەم بوونەتەوە.

مەیسر جیفۆر داوای بە بەریتانیا و دیکەی ووڵاتانی ئەورووپی کردووە ئیدارەی خۆسەری کوردستانی ڕۆژئاوا بەفەرمی بناسن تاکوو یارمەتیدانیان شێوازێکی فەرمی ببێت.

ناوبراو هۆشداری داوە ئەگەر یارمەتی کوردەکان نەدرێت بۆ دادگایی کردنی ئەندامانی داعش و هەروەها بۆ ڕێگری کردن لە هەڵاتنیان لە زیندان و کەمپەکان جارێکی دیکە ئەم گرووپە تیرۆریستییە سەرهەڵدەداتەوە.