image


پەیامی کورد... پێنج کۆڵبەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەكانی ئێران بریندار بوون

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێنج کۆڵبەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بریندار بوون، بە مەبەستی چارەسەركردن، گەیاندراونەتە نەخۆشخانە.

پێنج کۆڵبەر بە ناوەکانی (ڕێبوار) خەڵکی شاری بانە، (ئاروین ڕەشیدپوور) کۆڵبەری خەڵکی شاری سەقز و سێ کۆڵبەر خەڵکی شاری پاوە، کە ناسنامەی یەکیان بە ناوی (کەیهان ئەمینی) ئاشکرا بووە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سنوورەکانی کوردستان بریندار بوون.

دوێنێ شەممە 2/12/2023، کۆڵبەرێک بە ناوی ڕێبوار و خەڵکی گوندی (کێلە)ی سەر بە شاری بانە لە سنووری هەنگەژاڵی ئەو شارە و سێ کۆڵبەر دیکەی خەڵکی گوندی (داریان)ی سەر بە شاری پاوە، لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بریندار بوون، تا ئێستا ناسنامەی یەکێک لەو کۆڵبەرانەی خەڵکی داریان بە ناوی (کەیهان ئەمینی) ئاشکرا بووە، کە 300 پارچە ساچمە بەر جەستەی کەوتووە.

بەپێی زانیارییەكان، دوای برینداربوونی ئەو سێ کۆڵبەرەی خەڵکی شاری پاوە، بەهۆی قووڵیی برینەکانیان و بە مەبەستی تیمارکردن بۆ نەخۆشخانەی قودسی ئەو شارە گواستراونەتەوە، هەروەها کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی شاری بانە بە ناوی (ڕێبوار) بە مەبەستی چارەسەرکردن بۆ یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری تەورێز گواستراوەتەوە.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، کۆڵبەرێک بە ناوی (ئاروین ڕەشیدپوور)ی خەڵکی شاری سەقز، لە سنووری گوندی (ساوجی)ی سەر بە شاری مەریوان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەكانی ئێران قاچی بریندار بووە و بە مەبەستی چارەسەری و تیمارکردن بۆ نەخۆشخانەی (بوعەلی)ی شاری مەریوان گواستراوەتەوە.