image


پەیامی کورد... ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی ڕاگەیەندرا

بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە و کەمێک پێش ئێستاش ناوەڕۆک و ئەنجامی کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرا کرا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕێکەوتی 8/5/2022 بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆک، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی گرێدا و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی ژمارەیەک تەوەری جیاواز کرا.

لە تەوەری یەکەمدا، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی عێراق کرا، بەتایبەت دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پرۆسەی پێکهێنانی هاوپەیمانی (ڕزگاریی نیشتمانی) کە لە سێ لایەنی براوەی هەر سێ پێکهاتەی شیعە و کورد و سوننە (ڕەوتی سەدر، پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی سیادە) پێکهاتوون.

هەروەها باس لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی عێراق و هەوڵەکانی نەهێشتنی بەربەستەکان و شکاندنی چەقبەستوویی سیاسی کرا، کە خۆی لە زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا دەبینێتەوە.

هەروەها جەخت کراوەتەوە، "داکۆکی لە تەواوی مافە دەستوورییەکانی هەرێم و جێبەجێکردنی ماددەی 140 و دروستکردنی دامەزراوە دەستوورییەکان دەکەین، لەوانەش: ئەنجوومەنی فیدراڵ و دامەزراندنەوەی دادگای فیدراڵ بەگوێرەی دەستوور و دانانی یاسای نەوت و غاز.

لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا باسی بارودۆخی ناوخۆی کوردستان کرا و تیشک خرایە سەر هەوڵ و هەنگاوەکانی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ کۆبوونەوە و سەردانیکردنی تەواوی لایەنەکان، بەوانەشەوە کە هیچ کورسییەکیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش بەدەستنەهێناوە و مافی بەشداریکردنیان لە بڕیاری سیاسی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ هەیە.

هەروەها دووپاتکراوەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بە باش زانرا، هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخ و لێکتێگەیشتنی و چارەسەری گرفتەکان لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەیی و نیشتمانی چڕ بکرێنەوە، هەروەها لەپێناو تێپەڕاندنی ئەو بەرژەوەندییانە بۆ سەرووی بەرژەوەندیی حیزبی. هەروەها داواشی لە هەموو لایەنەکان کرد، هەوڵی لە یەک نزیکبوونەوە کاری هاوبەش بدەن.

هەرچی تەوەری سێیەم بوو، تایبەت بوو بە دۆخی ناوچەکە بە گشتی و جەخت لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی دوو لایەنە و لەبەرچاوگرتنی ئاسایش و سەقامگیری کوردستان و ئەو وڵاتانە کرایەوە.

هەروەها باسی ئەوەش کرا، کە نابێت لایەنە سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان ببنە هۆکاری دروستکردنی کێشە و گرفتی سیاسی و ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان و پێویستە ڕەچاوی بارودۆخەکە بکەن.