image


پەیامی کورد…نوێنەری وڵاتانی جیهان بۆ بەشداری لە نەورۆز گەشتنە هەرێمی کوردستان

 

باڵیۆزی و نوێنەری 123 وڵاتی جیهان بۆ بەشداریکردن لە بۆنەکانی ئادار و نەورۆز گەیشتنە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ شەممە (18ـی ئادار/مارسی 2023)، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر رایگەیاند، کاتژمێر 10:45 خولەکـی ئەمڕۆ باڵیۆزی 40 وڵات و نوێنەری 83 وڵاتی دیکە بۆ بەشداریکرن لە بۆنەکانی ئادار و نەورۆز گەیشتنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.

پەیامنێری کوردستان24 راشیگەیاند، نوێنەر و باڵیۆزی وڵاتان نانی نیوەڕۆ میوانی سەرۆک مەسعود بارزانی دەبن و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوەش ئێوارەخوانێکیان بۆ رێکدەخرێت.

لەلای خۆیەوە سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، باڵیۆز و نوێنەرانی وڵاتان لەسەر داوای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە بۆنەکانی ئادار و نەورۆز هاتوونەتە هەولێر و بۆ ماوەی دوو رۆژ لە شارەکە دەمێننەوە.

لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کـوردستانیش لەگەڵ وڵاتان، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، هەوڵیانداوە لە دوای ساڵی 1991ـەوە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان بەرفراوانتر بکەن.