image


پەیامی کورد... نوێنەری کرماشان لە ئەنجوومەنی پارێزگاکان: ١٠٪ی ژنانی ناوچە سنوورییەکان کۆڵبەرن

نوێنەری کرماشان لە ئەنجوومەنی باڵای پارێزگاکانی ئێران دەڵێت، ١٠٪ی ژنانی ناوچەکانی پاوە، هەورامان و مەریوان کۆڵبەرن و زۆربەشیان ئەرکی بەڕێوەبردنی بنەماڵەیان لەسەرە.

قوباد کەرەم پوور، نوێنەری کرماشان لە ئەنجوومەنی باڵای پارێزگاکان دەڵێت، "ژنە کۆڵبەرەکان زۆر جار کێشەکانیان لەگەڵ مندا باس کردووە و گوتوویانە ئەگەر مانگانە تەنیا دوو ملیۆن تمەن (٧٠$) یان هەبێت، ژیانێکی بەختەوەرانەیان دەبێت."

زستانی ساڵی ٢٠٢٠ ڕۆژنامەی هەمشهەری، چاپی تاران بڵاوی کردەوە، لە گوندە سنوورییەکانی پارێزگاکانی سنە، ورمێ و کرماشان "ژمارەیەکی بەرچاوی ژنان" کۆڵبەری دەکەن و هەندێکیان خۆیان وەکوو پیاو لێدەکەن بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕیزی درێژی پیاواندا کۆڵبەریی بکەن.

دووەم مانگی ساڵی ٢٠٢١، ڕاگەیاندنەکان لە زاری عەبدوڵڵا بڵواسی، چالاکوانی پیشەیی مەریوانەوە بڵاویانکردەوە، لە ٧ گوندی پارێزگاکانی سنە و کرماشان ١١٠ ژن کۆڵبەری دەکەن.

ئیبراهیم زارعی، جێگری پارێزگاری پێشووی سنە، ڕۆژی ٠٥. ٠٤. ٢٠٢١ ڕەتی کردەوە کە ژنی کۆڵبەر هەبن و گوتی: "بەپێی زانیارییەکان و بەگوتەی قایمقامی مەریوان، بوونی ١٥٠ ژنی کۆڵبەر تەنیا قسەی ڕاگەیاندنە بێگانەکانە".

قوباد کەرەم پوور، نوێنەری کرماشان لە ئەنجوومەنی باڵای پارێزگاکان هەروەها باسی لەوە کرد، "ئەگەر ئەو بەرپرسانەی کۆڵبەر بۆ ژنان بە ئیشێکی نەگونجاو دەزانن، مانگانە تەنیا ١٠ هەزار تمەنیان پێ بدەن بۆ ئەوەی چی دیکە کۆڵبەری نەکەن."