image

حكومەتی عێراق بەنزینخانەى لە ناوچەیەكی ژێر كۆنتڕۆڵی حكومەتی هەرێم كردۆتەوە و بەنرخێكی گونجاو دەفرۆشێت و بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانیش دەڵێت: "بڕیار هەیە بۆ كردنەوەی بەنزیخانەی حكومی لە شارەكانی هەرێمدا".

 

لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی كردنەوەی هەندێک بەنزینخانەكانی حكومەتی عێراق، نرخی بەنزین بەشێوەیەكی سنوردار دابەزیوە، بەڵام بەبڕوای چاودێرانی ئابوری هێشتا نرخەكەی زۆرە و پێویستە زیاتر داببەزێنرێت.

لە ماوەی ڕابردوودا حكومەتی عێراق دوو بەنزینخانەی لە سنوری ئیدارەی گەرمیان كردەوە و بەشێوەی گونجاو و بەكوالێتیەكی باش بەنزین بە هاوڵاتیان دەفرۆشێت.

محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی ڕاگەیاند، كە حكومەتی عێراق پلانی هەیە بەنزینخانە لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بكاتەوە و ئێستا سەرقاڵی دانانی میكانیزمن بۆ چۆنیەتی دابەشكردنی بەنزینەكە بە نرخی حكومەتی عیراق.

هێنانی بەنزین بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن چەند كۆمپانیایەكی حزبییەوە دەكرێت و بەپارەیەكی زۆر دەفرۆشرێت، لەكاتێكدا لە عێراقدا بەنزین بە زۆربەی لەلایەن حكومەتەوە مامەڵەی پێوەدەكرێت و چەندین بەنزینخانەی حكومیش هەن، كە بە نرخێكی دیاریكراو بەنزین دەفرۆشن.

شایانی  باسە لە دوێنێوە جارێكی دیكە نرخی بەنزین لە سلێمانی بەشێوەیەكی سنوردار دابەزیوە بە جۆرێک کە نرخی لیترێك بەنزینی سوپەر دابەزیوە بۆ 775 دینار و موحەسەن بۆ 725 دینار.